گیان لەدەستدانی ٦ کەسی تووشبوو بە کۆرۆنا لە سەقز و بانگ کرانی رۆژنامەوانانی ئەو شارە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە

هەنگاو: سەقز یەکێک لەو شارانەیە کە لە دوو حەوتوو لەمەوبەرەوە پەتای کۆرۆنای تێدا بڵاو بووەتەوە چەندین هاووڵاتی لەو شارە بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە و

١٥ ڕەشەمە ٢٧١٩، ٢٣:٥٦

 

هەنگاو: سەقز یەکێک لەو شارانەیە کە لە دوو حەوتوو لەمەوبەرەوە پەتای کۆرۆنای تێدا بڵاو بووەتەوە چەندین هاووڵاتی لەو شارە بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە و دەیان کەسیش لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

بە پێی راپۆرتێکی بەڵگەمەند کە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە سەرچاوەگەلی ئاگادار لە سەقزەوە پێی گەیشتووە، لە ماوەی دوو حەوتووی رابردوودا، لانیکەم ٦ هاووڵاتیی ئەو شارە بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە وەزارەتی تەندرووستی ئێران پاش دوو حەوتوو، رۆژی پێنجشەممە ١٤ی رێبەندان(٤ی مارس) گیان لەدەستدانی یەک هاووڵاتی لەو شارە پشتڕاست کردەوە.

پێشتر هەنگاو ویدیۆیەکی سەبارەت بە ناشتنی ژنێك بڵاو کردەوە کە بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانی لە دەست دابوو و شەوانە و بە شێوەیەکی شاراوە بە خاک سپێردرابوو.

لە لایەکی دیکەوە، بە هۆی دۆخی قەیراناوی و پەرەگرتنی رێژەی قوربانییەکان و تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا لە شاری سەقز، ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران ژمارەیەک لە رۆژنامەوانانی ئەو شارەیان بانگهێشت کردووە.

بە پێی راپورتی گەیشتوو بە هەنگاو، فەردین مستەفایی، بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامی " سەقز رووداو"، لە لایەن پۆلیسی ئەمنییەت و ئاڵوگۆڕی زانیاریی ئەو شارەوە بانگهێشت و لێکۆڵینەوەی لێکراوە و  سەبارەت بە ئەگەری درێژەی چالاکییەکانی هۆشدارییان پێ داوە.

کاناڵی " سەقز رووداو" سەبارەت بە گیان لەدەستدانی چەند کەس و دۆخی نالەباری شاری سەقز بە هۆی پەتای کۆرۆناوە هۆشداری دابوو.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە