گواستنەوەی کەماڵ لوتفی لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازەکان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کامێران

٢٧ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢١:٠٠

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

کەماڵ لوتفی لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و باوکی ڕەزا لوتفی لە گیانبەختکردوودانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، دوای تێپەڕینی نزیک یەک مانگ لێپرسینەوە و ناڕوونی چارەنووسی، لە ئاکامدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کامێران گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژەکانی ڕابردوو، کەماڵ لوتفی، خەڵکی دێولان و لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازەکان، لە دەستبەسەرگەی ئیدراەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندیخانەی شاری کامێران گواستراوەتەوە.

ئەم باوکە دادخوازە تووشی نەخۆشیی پێستی سەدەفی (پسۆریازیس) ببوو و نادیاری درێژماوەی چارەنووسیشی، ببوو بە هۆکاری نیگەرانیی بنەماڵەکەی سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو.

کەماڵ لوتفی تەمەن ٤٦ ساڵ، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٩ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، دوای بانگکران و ڕوویشتنی بۆ دادگای شۆڕشی شاری قوروە بۆ جاری دووەم دەستبەسەر کرا.

ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دێولان بە تۆمەتی"چالاکیی تەبلیغی دژ بە نیزام" سزای یەک ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی "سووکایەتی بە خامنەیی" سزای ٢ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی (خومەینی) " سزای ٢ ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرا کە سزای پتەوتری ناوبراو، بەرامبەر لەگەڵ ٢ ساڵ بەندکرانە.

ڕەزا لوتفی لاوی تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی دێولان، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە تایبەتییەکانی ڕژێم کوژرا.

هەنگاو لە ڕاپۆرتەکانی پێشووی خۆیدا، لەسەر ئەوەی کەماڵ لوتفی بەردەوام دوای کوژرانی کوڕەکەی، لەژێر گوشاری ناوەندە حکومتییەکاندا بووە پێداگری کردبوو. ئەو ئەندامە لە بنەماڵە دادخوازەکان، لە وەڵامی بانگەشەی ناوەندە حکومەتییەکان سەبارەت بەوەیکە کوڕەکەی لەلایەن "دژبەرانی شۆڕش" کوژراوە، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لەگەڵ ڕەتکردنەوەی ئەو بانگەشەیە ڕایگەیاند کە منداڵەکەی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژراوە.

شایەنی باسە کە، پێشتر و لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ کەماڵ لوتفی، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری دێولان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی کامێران گواسترابوو.

ئەو باوکە دادخوازە لە ئاکامدا دوای تێپەڕکردنی ٧٨ ڕۆژ دەستبەسەربوون، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی کامێران ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە