سزای سێدارەی کامران شێخە بەندکراوی مەزهەبیی کورد دوای ١٥ ساڵ بەندکران جێبەجێ کرا
هەنگاو: پێنجشەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی کامران شێخە، بەندکراوی مەزهەبیی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد دوای ١٥ ساڵ بەندکران، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا. ناوبراو دوایین تۆمەتباری دۆسیەیەک بوو کە لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا هەر حەوت کەسیان لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٤) ٢٥ی جولای ٢٠٢٤ (، سزای سێدارەی کامران شێخە، بەندکراوی مەزهەبیی کورد و خەڵکی مەهاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا. ناوبراو دوێنێ دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجام دابوو و بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە گواسترابوویەوە.
کامران شێخە حەوتەمین و دوایین تۆمەتباری دۆسیەیەکی هاوبەش بووکە لە دۆسیەیەکی ناڕوون، نا دادپەروەرانە و نایاسایی لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا و لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا هەر ٧ کەسەکەیان پاش ١٥ ساڵ بەندکران لەسێدارە دراون.
شیاوی ئاماژەپێدانە کە کامران شێخە ڕۆژی شەممە ١٢ی جۆزەردان) ١ی ژوئەن (بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختە و لەناکاو لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەجەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە و لە ماوەی ڕابردوودا گواسترابوویەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.
کامران شێخە و شەش هاودۆسیەیی دیکەی لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی کوژرانی "عەبدولڕەحیم تینا" خەڵکی گوندی لج سەر بە شاری مەهاباد، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە بە تۆمەتی وەکوو "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی"، "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت"، "ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان" و "افساد فی الأرض" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەو سزایە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٧١٦ لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای وڵات بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕازینی ڕەت کرایەوە و بەمەبەستی پێداچوونەوە بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران گەڕێندرایەوە. لە مانگی جۆزەردانی ٢٧١٨ ئەو حەوت کەسە بە تۆمەتی "افساد فی الأرض" جارێکی دیکە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرایەوە.
ئەو سزایە بە گوشاری بەردەوامی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئورمیە لەلایەن لقی ٤١ی دیوان باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە و ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ بەشێوەی فەرمی بە مەحموود وەلیزادە تەباتەبایی پارێزەری ئەو بەندکراوە مەزهەبییە کوردانە ڕاگەیەندرا.
پێشتر خسرەو بەشارەت، هاودۆسیەی کامران شێخە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕ لە پازدەیەمین ساڵی بەندکرانی، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
شایانی باسە کە، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕ، سزای سێدارەی ئەنوەر خزری، پێنجەمین تۆمەتباری ئەو دۆسیە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج و لە بێدەنگی چڕی میدیاکاندا جێبەجێ کرا.
هەروەها، پاییز و زستانی ساڵی ڕابردوو، سزای سیدارەی چوار بەندکراوی دیکە لە تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە بە ناوەکانی داود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەیووب کەریمی و قاسم ئابەستە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرابوو.
فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، داوود عەبدوڵڵاهی، ئەیووب کەریمی، قاسم ئابەستە، خسرەو بەشارەت و کامران شێخە، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٠٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و سەرەتا بۆ دەستبەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و دواتر بۆ بەندیخانەی گەوهەردەشت گواسترانەوە. و لە ئاکامدا ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی هەمان ساڵ دوای بەتاڵکردنی ئەو بەندیخانەیە بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترابوونەوە.