گواستنەوەی کامران شێخە بەندکراوی مەزهەبیی کورد بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە
هەنگاو؛ چوارشەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤
کامران شێخە، بەندکراوی مەزهەبیی کورد و خەڵکی مەهاباد بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە و دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی خۆیدا هەبووە. شەش هاودۆسیەیی کامران شێخە، پێشتر لەسێدارە دراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٤ی جولای ٢٠٢٤)، کامران شێخە، بەندکراوی مەزهەبیی کورد و خەڵکی مەهاباد، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە هۆشدارییان بە بنەماڵەی کامران شێخە داوە کە تا ڕۆژی دواتر واتە پێنجشەممە ٤ی گەلاوێژ، بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی لە بنەماڵەی "عەبدولڕەحیم تینا" کاتیان هەیە و لە ئەگەری وەرنەگرتنی ڕەزامەندیی ئەو بنەماڵەیە، سزای سێدارەی ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.
شیاوی ئاماژەپێدانە کە کامران شێخە ڕۆژی شەممە ١٢ی جۆزەردان) ١ی ژوئەن (بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختە و لەناکاو لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەجەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە.
کامران شێخە و شەش هاودۆسیەیی دیکەی لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی کوژرانی "عەبدولڕەحیم تینا" خەڵکی گوندی لج سەر بە شاری مەهاباد، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە بە تۆمەتی وەکوو "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی"، "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت"، "ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان" و "افساد فی الأرض" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەو سزایە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٧١٦ لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای وڵات بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕازینی ڕەت کرایەوە و بەمەبەستی پێداچوونەوە بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران گەڕێندرایەوە. لە مانگی جۆزەردانی ٢٧١٨ ئەو حەوت کەسە بە تۆمەتی "افساد فی الأرض" جارێکی دیکە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرایەوە.
ئەو سزایە بە گوشاری بەردەوامی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئورمیە لەلایەن لقی ٤١ی دیوان باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە و ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ بەشێوەی فەرمی بە مەحموود وەلیزادە تەباتەبایی پارێزەری ئەو بەندکراوە مەزهەبییە کوردانە ڕاگەیەندرا.
پێشتر خسرەو بەشارەت، هاودۆسیەی کامران شێخە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕ لە پازدەیەمین ساڵی بەندکرانی، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
شایانی باسە کە، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕ، سزای سێدارەی ئەنوەر خزری، پێنجەمین تۆمەتباری ئەو دۆسیە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج و لە بێدەنگی چڕی میدیاکاندا جێبەجێ کرا.
هەروەها، پاییز و زستانی ساڵی ڕابردوو، سزای سیدارەی چوار بەندکراوی دیکە لە تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە بە ناوەکانی داود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەیووب کەریمی و قاسم ئابەستە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرابوو.
فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، داوود عەبدوڵڵاهی، ئەیووب کەریمی، قاسم ئابەستە، خسرەو بەشارەت و کامران شێخە، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٠٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و سەرەتا بۆ دەستبەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و دواتر بۆ بەندیخانەی گەوهەردەشت گواسترانەوە. و لە ئاکامدا ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی هەمان ساڵ دوای بەتاڵکردنی ئەو بەندیخانەیە بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترابوونەوە.