ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سزای سێدارە؛ مانگرتن لە خواردنی وریشە مورادی تا کاتێکی نادیار بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر جێبەجێکرانی سزای سێدارە

١٩ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢٣:١٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

وریشە مورادی (جوانا سنە)، بەندکراوی سیاسیی کورد و لە ئەندامانی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) بە نیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە ناڕوونی دۆخی خۆی و زیادبوونی ڕێژەی دەرچوون و جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سزای سێدارە تا ماوەیەکی نادیار مانی لە خواردن گرت.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، وریشە مورادی بەندکراوی سیاسیی کورد کە بە "بەغی" مەحکووم کراوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دەرچوون و جێبەجێکرانی سزای سێدارە و هەروەها ناڕوونی دۆخی دۆسیەکەی خۆی لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران تا ماوەیەکی نادیار مانی لە خواردن گرت.

دووەمین دانیشتنی دادگای وریشە مورادی کە لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی "بەغی" و بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بەڕێوە چوو بوو و لەو دانیشتنەدا ئیزنی بەرگری بە وریشە مورادی و پارێزەرەکانی نەدرابوو. پارێزارەکانی وریشە مورادی تاوەکوو ئەم دانیشتنەی دادگا لە دەستپێڕاگەیشتن بە دۆسیەی ناوبراو بێبەش بوون دوای دانیشتنەکە تەنیا بۆ چەند کاتژمێر توانیبوویان دۆسیەکەی ببینن و بیخوێننەوە.

شایانی باسە کە، دووەمین دانیشتنی دادگای وریشە مورادی لە ١٤ی گەلاوێژ بەهۆی ئامادەنەبوونی ناوبراو لە دادگا بە نیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی بۆ کاتێکی دیکە دواخرابوو. دانیشتنی دووەمی دادگا لە ٧ی خەرمانان ئەم جارە بەهۆی ئامادە نەبوونی نوێنەری دادستان و دادوەر عەمووزاد، دادگایەکەی دواخرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ١٧ی بانەمەڕی ئەم ساڵ بە فەرمانی دادوەر سەڵەواتی لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکانی بێبەش کراوە.

دوای جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی سەحنە و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" ژمارەیەک لە بەندکراوانی ژن لە بەندیخانەی ئێڤین لە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ ناڕەزایەتییان دەربڕی کە تێکهەڵچوونی ئەو بەندکراوانە و نگابانەکانی بەندیخانەکەی لێکەوتەوە و لە لایەن لێژنەی ئینزباتییەوە لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن بێبەش کران.

دانیشتنی یەکەمی دادگای ئەم چالاکە سیاسییە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامییەتی لە کەژار بەڕێوە چوو کە لەو دانیشتنەدا ئیزنی بەرگری بە وریشە و پارێزەرەکانی نەدرا.

ئەم هاووڵاتییە ٢٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ بە فەرمانی دادوەر سەڵەواتی بەمەبەستی لێپرسینەوەی دووبارە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابووەوە و لەگەڵ پەخشان عەزیزی بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بەو گواستنەوەیە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ مانیان لە خواردن گرتبوو.

ئەم هاووڵاتییە مانگی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ لەلایەن لێپرسی لقی ٥ی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی تاران بە "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامییەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" تۆمەتبار کرا و دۆسیەکەی دوای دەرکردنی داوای دادگاییکردن لە لایەن داواکاری گشتییەوە بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی گەڕێندرایەوە.

وریشە مورادی ڕۆژی سێشەممە ٥ی بەفرانباری ٢٧٢٣، دوای پێنج مانگ دەستبەسەربوون لە ژووری تاکەکەسیی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین، بۆ بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە گواسترایەوە. ناوبراو کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ئەو ساڵە، دوای لێپرسینەوە و ئەشکەنجدرانی لە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترابوویەوە و لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لەژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی داندرابوو.

شایەنی باسە کە، وریشە مورادی، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، لە ڕێگەی مەریوان_سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرابوو ناوبراو لە کاتی ڕفاندنی بە سەختی لێیدرابوو و بەبێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ دەستبەسەرگەی سنە گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە