بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە؛ سۆڵماز حەسەنزادە لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان مانی لە خواردن گرت

٢١ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٦:١١

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سۆڵماز حەسەنزادە، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان کە دوو حەفتە پێش و هاوکات لە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی براکەی محەممەد حەسەنزادە لاوی گیانبەختکردووی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەگەڵ باوکی، ئەحمەد حەسەنزادە لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوو، لە ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە مانی لە خواردن گرتووە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سۆڵماز حەسەنزادە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی ناڕوونی و بێبەشکرانی لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، لە ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە مانی لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە یەکەم ڕۆژی گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لە کاتژمێرە سەرەتایییەکانی بەرەبەیانیی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژ (٣١ ژوئێن) تا ئێستا لە ژووری تاکەکەسی ئەم بەندیخانەیە ڕاگیراوە بۆ بەندی گشتی نەگواستراوەتەوە هەروەها لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

سۆڵماز حەسەنزادە و ئەحمەد حەسەنزادە ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژ (٣٠ ژووئەن)، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی محەممەد حەسەنزادە لە کاتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵیان، بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەرکرابوون. دایە عەزیمە، دایکی محەممەد حەسەنزادە لە لایەن ئەم هێزانەوە دراوەتە بەر لێدان و دواتر بۆ نەخۆشخانەی دکتۆر قولیپووری شاری بۆکان گواستراوەتەوە.

ئەحمەد حەسەنزادە باوکی محەممەد حەسەنزادە کە لە بەندیخانەی ناوەندی بۆکان دەستبەسەر کرابوو، لە ڕێکەوتی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٣١ی ژووئەنی ٢٠٢٤) بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەحمەد حەسەنزادە و سۆلماز حەسەنزادە لە ڕێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) دەستبەسەر کرابوون. هەروەها سۆلماز حەسەنزادە ئێوارەی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەر لەگەڵ سێ کەس لە هاوڕێکانی لە ڕێگای نێوان بۆکان_سەقزدا دەستبەسەر کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە