گیانی پەخشان عەزیزی لە مەترسیدایە؛ ڕەتکردنەوەی داوای دادگاییکردنی دووبارەی دۆسیەی ناوبراو لە لایەن دیوانی باڵاوە

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
داوای دادگاییکردنەوەی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسی کورد لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕەت کرایەوە و بەو هۆیەوە مەترسیی جددیی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە لەئارادایە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە ڕەتکردنەوەی داوای دادگاییکردنەوەی دۆسیەی پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسی دۆسیەی ناوبراو بە جێبەجێکرانی سزاکان ڕاگەیەندراوە و گیانی پەخشان بە زیاتربوونەوەی ئەگەری جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی، لە مەترسیەکی زیاتردایە.
ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزی بە ئاماژەدان بە هەڵوەشاندنەوەی ڕاگرتنی سزای سێدارەکەی لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕێبەندانەوە لەو بارەدا کوتویەتی کە لقی ٩ی دیوانی باڵا بەو هۆکارەی کە ئەو کێشانەی سەبارەت بە سزا و ڕەوتی دادگاییکردنی ناوبراو ئاماژەیان پێدراوە لە جۆری کێشەی بنەمایین، داوای دادگاییکردنی دووبارەی ئێمەی ڕەت کردۆتەوە.
ئەو پارێزەرەی دادگوستەری بە ڕاگەیاندنی ئەوەیکە دیسان داوای دادگاییکردن دەکەنەوە، ڕایگەیاند: "ئەوە لە حاڵێکدایە کە گرووپی کاری تایبەتمەندیی لقەکانی تاوانەکانی دیوانی باڵای وڵات سەبارەت بە ماددەی ٤٧٤ لە ڕەشەممەی ٢٧٢٣ بە بۆچوونی زۆربەی دەنگەکان ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوەی بڕگەی چواری ماددەی ٤٧٤ی یاسای ئایینی دادگاییکردنی تاوانەکان و ناساندنی سەبارەت بە ناتاوانبوونی کردەوەی کەسی سزادراو کە بنەمای سەرەکیی داوای دادگاییکردنی ئێمە بووە، یەک لە حاڵەتەکانی دووبارە دادگاییکردنەوەیە و لقەکانی دیوانی باڵا لە جێگای ڕاگەیشتن بە دادگاییکردنی دووبارە لە ئەگەری ئاشکرانەبوونی هیچ یەک لە سێ تەخمە پێکهێنەرەکانی تاوان، دەتوانێت دادگاییکردنی دووبارە دیاری بکات و ئەو تیۆرییە پەیوەندییەکی یەکلاکەرەوەی بە سەرنجی لقەکانی دیوان بە بەرگرییە بنەڕەتییەکانە کە لە داوای دادگاییکردنی دووبارەدا باسیان لێکراوە."
پێشتر هەنگاو بە ئاماژەکردن بە زانیاریی سەرچاوە بڕواپێکراوەکان، نووسیبووی: "هەواڵی بەدواخستنی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە و بڵاوکردنەوەی ئەو بانگەشە لەگەڵ بەڵێنی ناڕاست و هەڕەشەکردن لە هاووڵاتییان، بەمەبەستی ڕێگری لە مانگرتنی گشتی بەرفراوان لە شارەکانی کوردستان بووە."
ڕەئیسیان پێشتر لەسەر پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پێداگری کردبوو کە: "لە لێکۆڵینەوەکاندا بە ڕەخنە و کەموکوڕییەکان گرینگی نەدراوە، ئەو بەڵگانەی دەیسەلمێنن دۆسیەی پەخشان عەزیزی شیاوی سەپاندنی سزای سێدارە نییە و چالاکییەکانی لە ڕۆژئاوا لە کەمپی ئاوارەکانی شنگاڵ و کەمپی ئاوارەکانی دیکەی شەڕی داعش چالاکییەکی ئاشتیخوازانە بووە کە لە بنەماوە هۆکارێکی سیاسیی نەبووە و بەمەبەستی ئاریکاری و گەیاندنی یارمەتی بە ئاوارەکانی هێرشەکانی داعش بووە، لەبەر چاو نەگیراون."
پەخشان عەزیزی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، بە تۆمەتی"بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو دواتر لە لقی سێی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئێڤین لەگەڵ کردنەوەی دۆسیەیەکی دیکە لەژێر ناوی "ئاژاوەنانەوە لە بەندیخانە" ڕووبەڕوو کرایەوە و سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
شایانی باسە کە، پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی خەرازیی تاران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ناسراو بە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعات بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گواسترابۆوە.
ناوبراو ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٠٩، لە ڕەوتی کۆبوونەوەیەکی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە لەسێدارەدرانی بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، دەستبەسەر کرا و لە ئاکامدا، ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕەشەممەی ئەو ساڵە، دوای ٤ مانگ بەندکران بەدانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.
پەخشان عەزیزی دواتر بەهۆی گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان ئێرانی بەجێهێشت و هاوکات لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی لەسەر بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، لەسەر چاکسازیی ئەو بارودۆخە لە بواری ئاریکاری کۆمەڵایەتیدا هەنگاوی هەڵێناوە.