بەندیخانەی ئورمیە؛ بەردەوامبوونی دەستبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ڕزگار بەیگزادە بابامیری؛ سەپاندنی تۆمەتی ئەمنییەتی بە سەر ناوبراو

٢١ سەرماوەز ٢٧٢٤، ٢٣:٢٧

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

ڕزگار بەیگزادە بابامیری، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی بۆکان زیاتر لە ٦٠٠ ڕۆژی ڕابردووی لە دەستبەسەریدا تێپەڕ کردووە و تا ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە. ناوبراو بە تۆمەتی ئەمنییەتی مەحکووم کراوە کە ئەگەری دەرچوونی سزای قورس بۆ ناوبراو لەئارادایە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕزگار بەیگزادە بابامیری، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی بۆکان یەک ساڵ و ٧ مانگ و٢٤ ڕۆژی لە دەستەبەسەریدا تێپەڕ کردووە و تا ئێستاش لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە و دۆسیەکەی یەکلایی نەبووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕزگار بەیگزادە بابامیری لە بەرگریی لە خۆییدا جەختی کردووەتەوە کە تەنیا یارمەتیی بۆ بریندارانی خۆپیشاندانەکانی ٢٧٢٢ گەیاندووە و گیانی ئەوانی ڕزگار کردووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم تۆمەتبارە سیاسییە پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئورمیە تۆمەتی ئەمنییەتی وەکوو "قاچاخی ئیستارلنیک و بەشداریکردن لە کوشتنی بەئەنقەست"ی کەسێک بە ناوی محەممەدعەلی محەممەدی، خرابووە پاڵی.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند کە ڕزگار بەیگزادە بابامیری ڕووبەڕووی دۆسیەسازی بووەتەوە؛ بە شێوەیەک کە بە هۆی کەمکارییە ئاشکراکان لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەدا، چەند جار بۆ دادگا بانگ کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە.

شایانی باسە کە، ئەم تۆمەتبارە سیاسییە زیاتر لە چوار مانگی سەرەتای دەستبەسەرکرانەکەی لە ژووری تاکەکەسی لە ژێر گوشاری توندی ئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە تێپەڕ کردووە. زیانی دەروونی و جەستەیی بۆ سەر ڕزگار بەیگزادە بابامیری لە دەستبەسەرگە تا ڕادەیەک زۆر بووە و کە بووەتە هۆی دڕانی پەردەی گوێی چەپی ناوبراو.

ڕزگار بەیگزادە بابامیری، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بۆکان ڕفێندرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە