کرماشان؛ ئومید باقری، وێنەگر و چالاکی مەدەنی لە دەستبەسەرگەدا مانی لەخواردن گرت

٦ بەفرانبار ٢٧٢٥، ١٤:٣٥

هەنگاو؛ شەممە ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥

ئومید باقری، وێنەگر و چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نادیاری چارەنووسی خۆی لە دەستبەسەرگەدا و دەرچوونی بڕیاری دەستبەسەرکردنی نادیار، مانی لەخواردن گرت.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی هەینی ٥ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، ئومید باقری، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی شاباد، کە سێزدەهەمین ڕۆژی دەستبەسەریی خۆی تێدەپەڕێنێت، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە کاتی دەستبەسەرکردنیەوە هەتا ئێستا لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆی، لەوانە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستگەیشتن بە پارێزەر، بێبەش کراوە.

ئومید باقری ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، لە کاتێکدا کە لە کرماشانەوە بەرەو پاوە بەڕێوە بووە، لە بازگەیەکی کاتیی پشکنیندا ڕاگیراوە و پاشان بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کراوە.

شایانی باسە ئەم هاووڵاتییە پێشتریش لە ساڵی ٢٧٢٤ لە پێوەندی لەگەڵ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمە تایبەتەکانی نەورۆز لە کوردستان و وێنەگرتن لەم ڕێوڕەسمانە دەستبەسەر کرابوو و بە دۆسیەسازیی ئەمنی و تۆمەتی «پوڕوپاگەندە دژی نیزام» سزای شەش مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئومید باقری لە بواری وێنەگریی بەڵگەیی و چالاکییە مەدەنی و ژینگەیییەکاندا ئامادەییەکی بەردەوام و کاریگەری هەبووە و بە هۆی ساڵانێک تێکۆشانی کۆمەڵایەتی، وەک یەکێک لە کەسایەتییە ناسراو و خۆشناوە مەدەنییەکان لە پارێزگای کرماشان دەناسرێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە