کوژرانی زیاتر لە ١٠٠ کەس لە هێزە ئەمنییەکان و گواستنەوەی ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانی سنە بۆ دەستبەسەرگەکانی پارێزگای هەمەدان

٢١ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ٢٢:١١

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥

ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە شارە جیاجیاکانی پارێزگای سنە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە پارێزگای هەمەدان گواستراونەتەوە. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان لە کاتی بۆردومانەکانی ئەمدوایییەی سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل لە شاری سنە کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەهۆی ئەو زیانە بەرچاوانەی بەر دەستبەسەرگە و ناوەندە ئەمنییەکان لە کوردستان کەوتووە لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئەمدوایییە و کردنە ئامانجی دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپا لە شاری سنە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بۆ دەستبەسەرگەکانی پارێزگای هەمەدان گواستراونەوە.

هەنگاو لە وتووێژ لەگەڵ ژمارەیەک لە بنەماڵەی ئەم کەسانەدا، زانیویەتی کە ئەم گواستنەوەیە لە دۆخێکدا ئەنجام دراوە کە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییانە لە شوێنی ڕاگرتنی ئازیزانیان بێئاگان و ئەم بابەتە بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و ئەمنییەتی ئەوان.

گواستنەوە و دوورخستنەوەی دەستبەسەرکراوان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان و دەستڕانەگەیشتنی بنەماڵە و پارێزەر پێیان، نموونەی ئاشکرای پێشێلکردنی پرۆتۆکۆڵەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت یاسا ناوخۆیییەکانی خودی کۆماری ئیسلامییە.

هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ئەم هاووڵاتییانە، جەخت دەکاتەوە کە بەرپرسیارێتیی گیان و ئەمنییەتی تەواوی دەستبەسەرکراوان لە ئەستۆی ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە.

سەرچاوە ئاگادارەکان بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە، کە لە کاتی بۆردومانکردنی ناوەندە ئەمنییەکان لەوانە ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپا لە سنە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، زیاتر لە ١٠٠ کەس لە هێزە ئەمنییەکان کوژراون کە تا ئێستا میدیا حکومەتییەکان لە ڕاگەیاندنی خۆیان پاراستووە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لەم دەستبەسەرگانەدا بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری ئەو شارە گواستراونەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە