سنە؛ درێژكردنەوەی ماوەی دەستبەسەركران و گوشاری دەروونی و جەستەیی بۆ سەر كەیوان زەندكەریمی
هەنگاو؛ سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
كەیوان زەندكەریمی، لە چالاكانی مەدەنیی كوردی خەڵكی سنە، مانگێک پێش لە لایەن ناوەندەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كراوە و تا ئێستا لە ژێر گوشاری قورسی دەروونی و جەستەیی دایە و لە دستبەسەرگە ڕاگیراوە. ماوەی دەستبەسەركرانی ناوبرا لانی كەم بۆ مانگێكی دیكە درێژ كراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، كەیوان زەندكەریمی، خەڵكی سنە ٣٠ ڕۆژی ڕابردووی لە دەستبەسەرگەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لەم شارە تێپەڕاندووە و تا ئێستا لە ژێر گوشار دایە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو بە شێوەی بەردەوام بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی، لە ژێر گوشاری قورسی دەروونی و جەستەیی بووە و ئەمە بووەتە هۆی نیگەرانی لەبارەی دۆخی تەندرووستی ناوبراو.
هەروەها ئەم سەرچاوەیە وتی كە تۆمەتی سەپێندراو بۆ سەرئەم چالاكە مەدەنی و ژینگەپارێزییە هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ یەكێک لە حیزكانی كوردستان بووە.
ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ ٩ چالاكی مەدەنی و ژینگەپارێزی دیكە لە ڕۆژی یەكشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٣ی ژانویەی ٢٠٢٦)، لە لایەن هێزە حكوومەتییەكان لە ماڵەكانیان و بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەكی دادوەری دەستبەسەر كراون كە لە كۆتاییدا لانی كەم ٧ كەسیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی كاتی ئازاد كراون.