بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە؛ حەسەن عومەرپوور مانی لە خواردن گرت

٢٩ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٨:٥٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

حەسەن عومەرپوور، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی ئورمیە کە ماوەی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەدا تێپەڕ دەکات، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە دۆسیەکەی و بێڕێزیی داواکاری گشتیی ئورمیە بە بنەماڵەکەی، لە چوار ڕۆژ پێشەوە مانی لە خواردن گرتووە و بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، حەسەن عومەرپوور، بەندکراوی سیاسیی کورد و تەمەن ٢٩ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە مانی لە خواردن گرتووە و هەر ئەو ڕۆژە بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو بەندکراوە لە چوار ڕۆژی پێشووەوە بە ئیزنی سەرۆکی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لە تەواوی مافە بنەڕەتییەکانی خۆی وەکوو پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن بێبەش کراوە.

لەم دوایییانەدا بنەماڵەی حەسەن عومەرپوور دوای داوای مەرەخەسی منداڵەکەیان لە داواکاری گشتیی ئورمیە، لەلایەن حەسەن مەجیدی، دادپرس بێڕێزی و سووکایەتییان پێکرا و ئەو بەندکراوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بەو هەڵسوکەوتەی داواکاری گشتیی ئورمیە لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها بارودۆخی دۆسیەکەی خۆی مانی لە خواردن گرتووە.

حەسەن عومەرپوور، مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧٢٢، لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە هاوکاریی ئیتلاعاتی و سیخوڕی بۆ بەرژەوەندیی ئیسرائیل" سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

حەسەن عومەرپوور لەو مەودای نێوان پاییزی ٢٧٢١ تا خاکەلێوەی ٢٧٢٢، لەگەڵ ٩ هاووڵاتیی دیکە بە تۆمەتگەلی هاوشێوە دەستبەسەر کران و بۆ ماوەی چەند مانگ لە ژووری تاکەکەسی لەژێر ئەشکەنجەدا دانرابوون.

شایەنی باسە کە، چوار کەس لە هاودۆسیەییەکانی ئەو بەندکراوە بە ناوەکانی نەسیم نەمازی، وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی و ڕەحمان پڕحازوو کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە ڕێکەوتی ٨ی بەفرانباری ٢٧٢٣ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لە سێدارە دران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە