مێرمنداڵێکی مەحکووم بە سێدارە لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لە دەست دا

هەنگاو: مێرمنداڵێکی کورد کە حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو، پاش گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی میاندواو لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کوژرا.

١٤ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ١٣:٣٤


هەنگاو: مێرمنداڵێکی کورد کە حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپابوو، پاش گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی میاندواو لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کوژرا.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی رۆژی پێنچشەممە ١٤ی خاکەلیوەی ٩٩ (٢ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، دانیال زەینەلعابدین، خەڵکی مەهاباد، کە حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپاوە لە بەندیخانەی ناوەندیی میاندواودا کوژرا.


ئەو لاوە کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیدا تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵ بووە و حوکمی ئێعدامی بە سەردا سەپابوو، چەند رۆژ پێش و پاش شۆڕشی بەندکراوانی بەندیخانەی مەهاباد دوور خرابۆوە بۆ بەندیخانەی میاندواو.


سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی دانیال لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەنگاو رایگەیاند کە رۆڵەکەیان لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکانی بەندیخانەی میاندواو گیانی لە دەست داوە. ئەو سەرچاوە وتویشی کە بەرپرسانی بەندیخانە ڕایانگەیاندووە کە خۆی کوشتووە، بەڵام ئاسەواری ئەشکەنجە بە هەموو لەشیەوە دیار بووە.


دانیال زەینەلعابدین لە گەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی" کەماڵ ئەسغاری" و " دانیال دیوانی ئازەر" لە رێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ٢٧١٧ (هاوینی ٢٠١٧)، یەکێک لە هاوڕێکانی خۆیان بە ناوی " سادق بەرمەکی" تەمەن ١٩ ساڵیان کوشتبوو. هەر سێکیان لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٢٧١٨ (زستانی ٢٠١٨) هەتاوی بە ئێعدام مەحکووم کرابوون و حوکمەکەشیان لە دیوانی بەرزی وڵاتدا پەسند کرابوو.


لە کاتی شۆڕشی بەندکراوانی بەندیخانەی مەهاباد سەرچاوەیەکی ئەمنی بە هەنگاوی ڕاگەیاندبوو کە، بەشێک لەو بەندکراوانە سزا دەدرێن و بۆ بەندیخانەکانی میاندواو، خۆی و نەغەدە دوور دەخرێنەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە