ڕاپۆرتێك لەسەر جێبەجێكرانی سزای سێدارەی محەممەد ڕەزا سەبزی، منداڵی تاوانبار لە بەندیخانەی مەلایەر

٢٥ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ١٤:٣٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٥ بانەمەڕی ٢٧٢٥

سزای سێدارەی محەممەد ڕەزا سەبزی، بەندكراوی تەمەن ٢٠ ساڵی لوڕ كە پێشتر بە تۆمەتی “كوشتنی بەئەنقەست” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی مەلایەر جێبەجێ كرا. ناوبراو لە كاتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە تەمەنی ١٦ ساڵ بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ (١٣ی مەی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی محەممەد ڕەزا سەبزی، لاوی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵكی شاری عەلیاوای مەلایەر لە پارێزگای هەمەدان لە بەندیخانەی ناوەندیی مەلایەر جێبەجێ كرا.

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، سزای سێدارەی ئەم بەندكراوە لە  كاتێكدا كە لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا جێبەجێ كراوە كە ناوبراو، چوار ساڵ پێش لە تەمەنی ١٦ ساڵی، لەتێكەڵچوونێكی نەخوازیار یەكێك لە هاوڕێكانی خۆی بەناوی ڕەزای كوشتووە و لە لایەن دەزگای دادوەری سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم منداڵە تاوانبارە تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیا حكوومەتییەكان بە تایبەتی میدیاكانی نزیك لە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.

بە پشتبەستن بە ئامارەكانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ سزای سێدارەی لانی كەم پێنج منداڵی تاوانبار لە شارە جیاوازەكانی ئێران لەوانە میاندواو، شیراز، كرماشان، زاهیدان و یەزد جێبەجێ كراوە. ئەم پێنج بەندكراوە لە كاتی ئەنجامدانی تاوانەكان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە و سزای سێدارەكەیان جێبەجێ كراوە.

پەیماننامەی مافەکانی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە لایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە پەسەند کراوە، بە ڕاشکاوی پشتگیری لە مافی منداڵان دەکات و ئەوە بریتی لە قەدەغەکردنی کەڵکوەرگرتن لە سزادانی نامرۆڤانەی وەکوو لەسێدارەدان بۆ کەسانی خوار ١٨ ساڵە. سەرەڕای ئەوەش لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام سزای سێدارەی منداڵانی تاوانبار جێبەجێ دەکرێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە