ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی منداڵێکی تاوانبار لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان

١٨ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٢:٣٥

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی مەهدی بەراهوویی، بەندکراوی تەمەن ٢١ ساڵی بەلووچ کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کرا. ناوبراو لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیدا ١٧ ساڵی تەمەن بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی مەهدی بەراهوویی، لاوی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی خاش سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە بەندیخانەی زاهیدان جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی حال وەش، ئەو بەندکراوە گەنجە ساڵی ٢٧١٩ لە تەمەنی ١٧ ساڵان و بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە تێکهەڵچوونێکدا دەستبەسەر کرا و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

شایانی باسە کە، مەهدی بەراهوویی دوای دەستبەسەرکرانی سەرەتا بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە و دوای دوو ساڵ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان گواسترابۆوە.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، مەهدی بەراهوویی سێیەمین منداڵی تاوانبارە کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراوە. درێژەی جێبەجێکرانی سزای منداڵانی تاوانبار لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەحاڵێکدایە کە کۆنڤانسیۆنی مافی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کەڵکوەرگرتن لە سزای قورس یان بێڕحمانەی وەکوو سێدارەی بۆ کەسانی ژێر ١٨ ساڵ بە ڕوونی قەدەغە کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە