هەوڵی ڕێکخراوانە بەمەبەستی لە سێدارەدرانی ئاروین قارەمانی، منداڵی تاوانباری پەیڕەوی ئایینی جوو

٢ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢٠:٤٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

ئاروین قارەمانی (ناتانێل)، منداڵی تاوانباری بەندکراو لە بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان و ئەندامی کۆمەڵگای جووەکانی کوردستان کە لە تەمەنی ١٧ ساڵی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و دواتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لەژێر گوشارێکی ڕێکخراوانە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی داندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، گیانی ئاروین قارەمانی، بەندکراوی تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی بۆکان، دانیشتووی کرماشان و پەیڕەوی ئایینی جوو، بەهۆی گوشاری سوپای پاسداران و بەر نوێژی هەینیی کرماشان لە مەترسیدایە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حەبیبوڵڵا غەفووری، بەر نوێژی هەینیی کرماشان و نوێنەری خامنەیی لە پارێزگای کرماشان، لەگەڵ ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، بنەماڵەی کوژراوەکەیان بەمەبەستی پێنەدانی ڕەزامەندی بەهۆی جوو بوونی ئاروین قارەمانی، لەژێر گوشار داناوە.

ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە ئاروین قارەمانی لە تەمەن ١٧ ساڵی لە ڕەوتی دەمەقاڵێی نێوان چەند کەس کە بوو بەهۆی کوژرانی ئەمیر شوکری، هاووڵاتییەکی موسڵمان، دەستبەسەر کرابوو و بەبێ بوونی بەڵگەیەکی بڕواپێکراو لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

بەوتەی سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کورد و جووە، ئاروین دەورەی بەندکرانەکەی لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە و لە گواستنەوەی ناوبراو بۆ بەندی گشتی بەهۆی پەیڕەویی لە ئایینی جوو ڕێگری کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە