ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٢١ بەندکراو لە ماوەی ١١ ڕۆژ لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز

٧ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢١:٣٥

هەنگاو؛ شەممە ٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

لە ماوەی ١١ ڕۆژدا (١٥ی سێپتەمبەر تا ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، سزای لەسێدارەدانی لانی کەم ٢١ بەندکراو لەوانە منداڵێکی تاوانبار، ٤ بەندکراوی بەلووچ، دوو بەندکراوی کورد، دوو هاووڵاتیی ئەفغانستان و دوو بەندکراوی لوڕ لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز (بەندیخانەی عادڵئاوا) جێبەجێ کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی ڕەسووڵ شەنبەدی، خەڵکی ناوچەی گێلکووبی شیراز و ئەکبەر سەعدی خانی، خەڵکی ناوچەی سەرحەدی ئەم شارە لە بەندیخانەی ناوەندیی عادل ئاوای شیراز جێبەجێ کرا. ڕەسووڵ شەنبەدی ٧ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها، ئەکبەر سەعدی خانی ٩ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤) هەروەها، سزای سێدارەی چوار بەندکراو بە ناوەکانی فەردین ئەحمەدی، هاووڵاتیی لوڕ و خەڵکی شاری مەمەسەنی، حوسێن نەجاتی و محەممەدڕەزا نەجاتی کە هەردووکیان خەڵکی شیرازن و ئەمین شەهابی هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئیلام لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کراوە. ئەم چوار بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کراون و بە سزای سێدارە مەحکووم کراون.

لە درێژەی شەپۆلی لەسێدارەدان لە بەندیخانەی عادل ئاوای شیراز، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەرمانان (١٨ی سێپتەمبەر)، سێ بەندکراو بە ناوەکانی سپێهر نوورانی، کامران حەیدەری و تاهیر ئارزوومەند و بەندکراوێکی دیکەی خەڵکی شیراز بە ناوی شاهین سەلامی بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لەم بەندیخانەیە لە سێدارە دراون.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەرمانان (١٦ی سێپتەمبەر)، سزای سێدارەی لانی کەم دوو بەندکراوی بەلووچ بە ناوەکانی عەبدولجەلیل ئێحسانی تەمەن ٣٣ ساڵ، خەڵکی سەرباز و یەحیا زەرگەری تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵکی ئێرانشاری سیستان و بەلووچستان کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی عادل ئاوای شیراز جێبەجێ کراوە.

هاوکات، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی مەهدی جەهانپوور تەمەن ٢٣ ساڵ و هاووڵاتیی لۆڕی شاری فیرۆزئاوای سەر بە پارێزگای فارس کە پێشتر و لە کاتێکدا تەمەنی ناوبراو ژێر ١٨ ساڵ بووە و بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەی و مافی هەبوونی کۆتا چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە جێبەجێ کراوە.

مەهدی جەهانپوور لەدایکبووی ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٠١، لە خاکەلێوەی ٢٧١٩ و لە کاتێکدا تەمەنی ١٦ ساڵ بووە، بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کراوە و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەمە دووەمین منداڵی تاوانبارە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێدارە دراون.

لە هەمان ڕۆژدا، سزای سێدارەی دوو هاووڵاتیی ئەفغانستانی بە ناوەکانی عەبدوڵڵا عەبدولسەمەد و موبەشر (ناسناوی نادیار) کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە بە سزای سێدارە مەحکووم کرابوون، لەگەڵ سێ بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی ئەمیر نادرزادە و سەجاد فەدایی بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و بێهزاد باقری خەڵکی کرماشان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە جێبەجێ کراوە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی لانی کەم دوو بەندکراوی بەلووچ بە ناوەکانی ساسان بنە / بەیگ زادە، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی سەرباز و دانیشتووی ئێرانشار و سەعید خاجە حەیدەری تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی کەهنووجی سەر بە پارێزگای کرمان لەگەڵ بەندکراوێکی عەرەب و خەڵکی ئەهواز بە ناوی حوسێن مەقامی لە بەندیخانەی عادل ئاوای شیراز جێبەجێ کراوە. ئەم سێ بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە