جێبەجێکرانی سزای سێدارەی حەمیدڕەزا ئازەری منداڵی تاوانبار لە بەندیخانەی سەبزەوار

سزای سێدارەی حەمیدڕەزا ئازەری، منداڵی تاوانباری تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سەبزەواری پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە

٤ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٠:١٩


هەنگاو؛ هەینی ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی حەمیدڕەزا ئازەری، منداڵی تاوانباری تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سەبزەواری پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێکرا. ئەو منداڵە تاوانبارە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی هەینی ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی حەمیدڕەزا ئازەری، منداڵی تاوانباری خەڵکی سەبزەوار، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێکرا.

بەپێی بەڵگەیەک کە دەستی هەنگاو کەوتووە، حەمیدڕەزا ئازەری، لە کاتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە ١٦ ساڵ و ٨ مانگ و ١٨ ڕۆژ و لە کاتی جێبەجێکرانی سزاکەی، تەنیا ١٧ ساڵ و سێ مانگ و ١٤ ڕۆژی تەمەن بووە.

لەو بارەیەدا، میدیای تەسنیم سەربە سوپای پاسداران، بێ هیچ ئاماژەکردنێک بە تەمەن و ناسنامەی ئەو منداڵە تاوانبارە، هەواڵێکی لەو بارەیەوە بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی کە "بەندکراوێک لە ڕێکەوتی ٢١ی گوڵانی ٢٧٢٣، دوای بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ حەمیدڕەزا ئەلداغی لەسەر کێشەیەکی نامووسی ناوبراوی بە چەند زەربەی چەقۆ کوشتووە."

بەپشتبەستن بە بەدواداچوونەکانی هەنگاو، حەمیدڕەزا ئازەری، وەکوو تۆمەتباری پلەی یەکەمی دۆسیەکە، لەلایەن دادوەری لقی یەکی دادگای تاوانەکانی سەبزەوار، سزای سێدارە و بەندکراوێکی دیکە بە ناوی ئەبۆلفەزل سەرپووشی، وەکوو تۆمەتباری دووەم، سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

لەسێدارە درانی منداڵەکان، ڕەد کردنەوە ئاشکرای مافی مرۆڤە. ئەو کارە لە بەرامبەری بنەما سەرەکییەکانی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ستانداردە نێونەتەوەییەکانی دیکەدایە. هەر منداڵێک مافی دەستڕاگەیشتن بە پاڵپشتیی یاسایی و ڕەوتی دادپەروەرانەی دادوەریی هەیە و ئەنجامدانی سزای سەخت وەکوو لە سێدارە دانیان، ئەو بنەمایە پێشێل دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە