دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییەک دوای دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بڵاوکردنەوەی بەردەوامی سروودی "سلام فرماندە"

هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بەناوی هۆشمەند گوڵابی، دوای ئەوەیکە بەرامبەر بەردەوام بڵاوکردنەوەی سروودی "سلام فرماندە" لە بڵندگۆی قوتابخانە

١٦ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٤:٢٤


هەنگاو: یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٢
هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بەناوی هۆشمەند گوڵابی، دوای ئەوەیکە بەرامبەر بەردەوام بڵاوکردنەوەی سروودی "سلام فرماندە" لە بڵندگۆی قوتابخانەی نزیک ماڵەکەی ناڕەزایەتی دەربڕی، دەستبەسەرکرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢ی فێبریوەری ٢٠٢٣) هۆشمەند گوڵابی، دوای ئەوەیکە ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە سروودێک کە ڕۆژانە بە شێوەیەکی بەردەوام لە بڵندگۆی قوتابخانەی نزیک ماڵەکەی بڵاو دەکرایەوە، دەربڕی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا.


پێشتر هۆشمەند گوڵابی، چەندین جار بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین و ئاگادار کردنەوەی ئەو قوتابخانەیە لە بێزارکردنی بەردەوامی ماڵەکانی دەوروبەری ئەو قوتابخانەیە بە بەردەوام خستنەسەری سروودی ئاماژەپێدراو سەردانی ئەو قوتابخانەیەی کردبوو، کە دواجار لە نێوان ئەم هاووڵاتییە و بەڕێوەبەری قوتابخانە ئاڵۆزی دروست دەبێت. دوای پەیوەندی تەلەفۆنی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، هۆشمەند گوڵابی لەلایەن هێزەکانی ئەو ناوەندە حکوومەتییەوە دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.


هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.


سروودی "سلام فرماندە" بە ناوەڕۆکێکی ئیدئۆلۆژیک و لە ڕاستای پیرۆزی بەخشین بە عەلی خامنەیی لەلایەن مۆسیقاژەنەکانی سەر بە حکوومەتەوە بەرهەم هاتووە لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا بڵاوکراوەتەوە. لەم دواییانەدا ئەم سروودە لە ئاستی قوتابخانەکاندا بە شێوەیەکی ڕۆژانە بڵاو دەکرێتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە