ژنکوژی؛ ڕاپۆرتێک لە سەر کوژرانی ژنێکی لاو لەلایەن هاوژینەکەیەوە لە ئورمیە
هەنگاو؛ چوارشەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٤
سەرەتای ساڵی نوێی هەتاوی ژنێکی لاوی خەڵکی سەڵماس و دانیشتووی ئورمیە بەنێوی سامێرە موختارپوور کە لە قوربانییانی توندوتیژیی خێزانی بوو، لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا و تەرمەکەی لە ڕێگای ئورمیە_مەهاباد بیندرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نزیک کاتژمێر ٧ی بەیانیی ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٣١ی مارسی ٢٠٢٤)، ژنێکی لاو بە ناسنامەی سامێرە موختارپوور، تەمەن ٣٨ ساڵ، خەڵکی شاری سەڵماس و دانیشتووی ئورمیە، لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا و تەرمەکەی لە نزیکیی ڕێگای مەهاباد دۆزرایەوە.
سەرچاوە خۆجێییەکان پێشتر هەواڵی دیتنەوەی تەرمی ژنێکیان لە نێوەڕاستی مانگی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ و لە ١١ کیلۆمەتریی مەهاباد ڕاگەیاندبوو.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، سامێرە موختارپوور، دەرچووی بەشی یاسا و دایکی کچێکی بچووک بوو و بەردەوام لەگەڵ توندوتیژیی جەستەیی و زارەکی هاوسەرەکەی ڕووبەڕوو بووە.
بکوژ بە نێوی بەهمەن مەیقانی، دوای دەستبەسەربوون وتوویەتی کە لە ڕەوتی مشتومڕێکدا، سەرەتا بە چەندین جار لێدان لە سەر و ملی قوربانی. بێهۆشی کردووە و دواتر بە ملپێچ خنکاندوویەتی.