تاران؛ دەستبەسەرکرانی دوو لاوی بەلووچ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان

٦ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٠:٢٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣

دوو لاوی بەلووچ بە ناوەکانی محەممەد بەراهویی و محەممەدئەمین ناڕوویی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شارەکانی تاران و شەهریار دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێ ڕاپۆڕتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣ (٢٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، محەممەد بەراهویی ٢٣ ساڵان و خەڵکی زاهیدان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شەقامی ئەندەرزگووی تاران دەستبەسەرکرا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان ڕێگای ئۆتۆمبێلی ئەم هاووڵاتییەیان بەستووە و بەبێ ڕوونکردنەوە و نیشاندانی بەڵگەیەک دادوەری، ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوەتەوە.

محەممەد بەراهویی، چەند ڕۆژ پێش بۆ تاران سەفەری کردبوو و ڕۆژی ڕابردوو لەکاتێکدا جلوبەرگی بەلووچی لەبەر بوو دەستبەسەر کراوە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٣ی بانەمەڕ، هاووڵاتیکی دیکەی بەلووچ بە ناوی محەممەدئەمین ناڕوویی، خەڵکی بەمپوور سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە شاری شەهریار پارێزگای تاران دەستبەسەر کراوە.

هێزە ئەمنییەکان دوای پشکنینی نایاسایی مۆبایلی محەممەدئەمین، ئەم لاوە ٢٢ ساڵانە کە لە چێشتخانە خەریکی ئیش بووە، بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەستبەسەر و پاشان بۆ دەستبەسەرگە ئەمنییەکان گواستراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە