بانە؛ دەستبەسەرکرانی سێ کۆڵبەر و ئەشکەنجەدانیان لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٤
خالید مەحموودی، عەلی کەریمیان و سەعدوڵڵا ئەمینزادە، سێ کۆڵبەری خەڵکی شاری بانە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران. دەست و لاقی ئەو کۆڵبەرانە لە ماوەی شەوێک تا بەیانیی ڕۆژی دواتر لە حەوشەی پاسگایەک بە حاڵەتی وەستانەوە بەستراوەتەوە و ئەشکەنجە دراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی سێشەممە ٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، خالید مەحموودی، عەلی کەریمیان و سەعدوڵڵا ئەمینزادە، سێ کۆڵبەری خەڵکی گوندی "بڵەسەن" سەر بە شاری بانە لەلایەن هێزەکانی پاسگای "زلە"ی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە کانی پاسگای زلە لە سەرەتای ئێوارەی سێشەممەوە هەتا دەستپێکی کاتی ئیداریی ڕۆژی چوارشەممە، ئەو سێ کۆڵبەرەیان بە دەست و لاقی بەستراوە ڕاگرتبوو و لەژێر ئەشکەنجەیان دانابوون.
ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە ئاکامدا ئەو کۆڵبەرانە بۆ دادگای بانە گواستراونەتەوە و ڕۆژی چوارشەممە بەبێ پرۆسەی ئاسایی یاساکان، دەستبەجێ بە تۆمەتی "قاچاغکردنی کاڵا" سزای پێبژاردنی ٣٠ ملیۆن تمەنیان بەسەردا سەپێندراوە.
خالید مەحموودی، عەلی کەریمیان و سەعدوڵڵا ئەمینزادە، دوای سەپێندرانی ئەو سزایە لەلایەن دادگای بانەوە ئازاد و بەڕێی ماڵەکانیان کراون.