پیرانشار؛ دەستبەسەرکرانی شەش کەس لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان

٦ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١١:٣٩

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

شەش کەس لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە شاری پیرانشار بەناوەکانی ئیحسان گولابی، دیاکۆ (محەممەد) ئیبراهیمی، هیوا مەحموودی، ئیسماعیل تەجەلا، ئارام خالیدی نەسەب و عەلیڕەزا محەممەدی ئەرشەد کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان دەستبەسەر کران و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٤ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، دیاکۆ ئیبراهیمی تەمەن ٣٠ ساڵ، ئیحسان گولابی تەمەن ٢١ ساڵ، هیوا مەحموودی تەمەن ٣٣ ساڵ، ئیسماعیل تەجەللا تەمەن ٢٣ ساڵ، ئارام خالیدی نەسەب تەمەن ٢٤ ساڵ و عەلیڕەزا محەممەدی ئەرشەد تەمەن ٢٣ ساڵ، دوای بانگکران بۆ جێبەجێکاری سزاکانی نەغەدە بەمەبەستی تێپەڕکردنی ماوەی سزاکەیان دەستبەسەر کران و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترانەوە.

بەپێی بڕیاری دادگا کە مانگی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ٢ی پیرانشار دەرکرابوو، دیاکۆ ئیبراهیمی و ئیحسان گولابی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکرات" سزای ٥ ساڵ بەندکران، "چالاکی تەبلیغی دژ بە نیزام" سزای ١ ساڵ بەندکران و " فیلم هەڵگرتن کە شوێنە دەوڵەتییەکان" سزای ٣ ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ١٤ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان قورسترین سزا واتە ٥ ساڵ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها ئیسماعیل تەجەلا، ئارام خالیدی نەسەب و عەڵیڕەزا محەممەدی ئەرشەد بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکرات" سزای ٣٢ مانگ بەندکران، "پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی ئێران" سزای ٣ ساڵ و ٧مانگ بەندکران و "چالاکی تەبلیغی دژ بە نیزام" سزای ٨ مانگ بەندکران و سەرجەم هەریەک سزای ٦ ساڵ و ١١ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا کە سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانیان بۆ جێبەجێ دەکرێت.

هیوا مەحموودی تۆمەتبارێکی دیکەی ئەو دۆسیە بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی ئێران" سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو شەش هاووڵاتییە خەڵکی گوندی "پەسوێ" سەر بە شاری پیرانشار، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کران و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانە ئازاد کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە