جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ٣ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ئورمیە

سزای سێدارەی ساڵح قاسمی خەڵکی ئورمیە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و مەنسوور عەبدی زادە، خەڵکی سەڵماس، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەک

١٩ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٢:٢٠


هەنگاو؛ هەینی ١٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢

سزای سێدارەی ساڵح قاسمی خەڵکی ئورمیە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و مەنسوور عەبدی زادە، خەڵکی سەڵماس، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەدا جێبەجێکرا. هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە بەناوی جەلال سەرداری فەر جێبەجێکرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی، ١٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ (١٠ی مارسی ٢٠٢٣) سزای سێدارەی ساڵح قاسمی، تەمەن ٥٣ ساڵ و خەڵکی "زیندەشت" سەر بە ئورمیە و مەنسوور عەبدی زادە خەڵکی شاری سەڵماس لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێکرا.

هاوکات بڕیاری جێبەجێکرانی سزای سێدارەی کوڕی ساڵح قاسمی، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و لە دۆسییەیەکی هاوبەشی دۆسییەکەی باوکی، ڕاگیرا.


هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا، هەواڵی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی دیکەی بە ناوی جەلال سەرداری فەر خەڵکی نەغەدە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، لە بەرەبەیانی پێنجشەممە ١٨ی ڕەشەممە بڵاوکردبووەوە.


جەلال سەرداری فەر، سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.


ئەم سێ بەندکراوە لەگەڵ ٢ بەندکراوی دیکەدا ڕۆژی سێشەممە بۆ بەندی تاکەکەسی بەندیخانەی ئورمیە گواسترابوونەوە، کە چارەنووسی یەکێک لەو بەندکراوانە هەتا ئێستا ناڕوونە.


هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم بەندکراوانە هەتا ئێستا لە میدیاکانی سەر بە حکوومەت و بە تایبەتی میدیاکانی دەزگای دادی ئێران بڵاو نەکراوەتەوە.


بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ٢ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا سزای سێدارەی لانی کەم ٣٣ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێکراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە