ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ چوار کەس بەرز بوویەوە

٢٠ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢٠:٤٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

بە ئاشکرابوونی ناوی یەکێکی دیکە لە بەندکراوانی لە سێدارە دراو بە ناوی تاهیر عەبدولعەلیپوور لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە، ژمارەی بەندکراوانی کورد کە لەم بەندیخانەیە لە سێدارە دراون گەیشتە چوار کەس. هەنگاو پێشتر هەواڵی لەسەر لە سێدارەدانی سێ بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی حەسەن عەرەبی، عەبدالە حەسەنزادە و حەسەن چووپانی بڵاو کردبۆوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٩ی مەی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی چوار بەندکراو بە ناوەکانی حەسەن چووپانی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی شەهرەستینی سەر بە پیرانشار، حەسەن عەرەبی تەمەن ٤٠ ساڵ، تاهیر عەبدولعەلیپوور و عەبدالە حەسەنزادە خەڵکی گوندەکانی "ئەنبێ"، "یەنگجە" و "باڵانج"ی ئورمیە، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە (بەندیخانەی دەریا) جێبەجێکرا.

هەنگاو زانیویەتی کە حەسەن چووپانی ٤ ساڵ لەمەوپێش، عەبدالە حەسەنزادە و تاهیر عبدولعەلیپوور ٥ ساڵ لەمەوپێش و حەسەن عەرەبی ٦ ساڵ لەمەوپێش دەستبەسەر کرابوون و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو. ئەم سێ بەندکراوە ڕۆژی ١٨ی بانەمەڕ بۆ جێبەجێکرندی سزایەکەیان بۆ ژووری تاکە کەسی گواسترابوونەوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم چوار بەندکراوە لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە