بەندیخانەی ئورمیە؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراو

١٩ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٢:١٠

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

هاوکات لەگەڵ ١٠ی ئۆکتۆبەر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سزای سێدارە، دوو بەندکراوی کوردی خەڵکی شارەکانی ئورمیە و بۆکان کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە دراون. ناسنامەی یەک لەو بەندکراوانە بورهان ئەنساری ئاشکرا کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بورهان ئەنساری خەڵکی ئورمیە و بەندکراوێکی خەڵکی بۆکان کە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی بەدواداچوون دەکرێت، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە (بەندیخانەی دەریا) جێبەجێ کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بورهان ئەنساری لە سێ ساڵ پێشترەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دادگای شۆڕشی ئورمیەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو دوو بەندکراوە کوردە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە