جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی سەردەشت لە بەندیخانەی ئورمیە

٢٥ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ١٧:٥٢

هەنگاو؛ هەینی ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سزای لە سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شارۆچکەی ڕەبەتی سەر بە شاری سەردەشت بە ناوی ئامانج عەزیزی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە (بەندیخانەی دەریا) جێبەجێ کرا. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (١٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی ئامانج عەزیزی خەڵکی ڕەبەتی شاری سەردەشت لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.

هاوکات لەگەڵ ئامانج عەزیزی، لانی کەم دوو بەندکراوی دیکە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترابوونەوە کە زانیارییەکی ورد لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

ئامانج عەزیزی خەڵکی گوندی "ئاغڵان"ی ڕەبەت نزیکەی ٨ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت میدیا نزیکەکانی سەر بە دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە