جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ئورمیە
هەنگاو؛ دووشەممە ٣ی بەفرانباری ٢٧٢٤
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی نەغەدە بە ناوی لوقمان ئەقدەمی نیا ناسراو بە لوقمان شەنگە خەڵکی نەغەدە کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە ئەو سزایەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٣ی بەفرانباری ٢٧٢٤) ٢٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٤ (، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی لوقمان شەنگە تەمەن ٤٥ ساڵ خەڵکی شاری نەغەدە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.
هەنگاو زانیویەتی کە، ئەم بەندکراوە لە بەندیخانەی نەغەدە دەستبەسەر بووە و دوو ڕۆژ پێش بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترابوویەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە شەش ساڵ پێش دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە، هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.