بە دەستبەسەر کرانی دوو هاووڵاتیی دیکە لە مەریوان و شنۆ، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی کوردستان گەیشتە ٨٥ کەس

هەنگاو: لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە ماوەی سێ حەفتەی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتیی دیکەش دەستبەسە

١١ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ٠٣:٢٣

 

هەنگاو: لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە ماوەی سێ حەفتەی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتیی دیکەش دەستبەسەر کران و ژمارەی دەستبەسەرکراوان گەیشتە ٨٥ کەس.

بە گوێڕەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (٣ی ژانویەی ٢٠٢١) هێزە ئەمنییەکان لە شاری شنۆ هێرشیان کردە سەر گوندی "چەشمەگۆل" و هاووڵاتییەک بە ناوی "شەفیع شێخە"یان دەستبەسەر کرد. بە پێیەش ژمارەی دەستبەسەر کراوانی شاری شنۆ لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتە ٧ کەس.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندان (٢٣ی ژانویە) هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان بە ناوی "مەنسوور وەلی پوور" دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەنسوور وەلی پوور لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کراوە و کەوتووەتە بەر لێدان و توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکان. تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو ئاشکرا نەبووە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی سێ حەفتەی ڕابردوودا لانی کەم ٨٥ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە لەو ژمارەیە ٦ کەسیان ئازاد کراون و ٧٩ کەسیشیان هەر وا بە دەستبەسەری ماونەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە