دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی دوو چالاکی مەزهەبی لە سەقز

٧ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢١:٥١

هەنگاو؛ هەینی ٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

دوو هاووڵاتیی کورد و لە چالاکانی مەزهەبیی شاری سەقز بە ناوەکانی داوود وەیسی و ئەمیر فیرووزی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی دوو چالاکی مەزهەبیی کورد و خەڵکی سەقز بە ناوەکانی داوود وەیسی تەمەن ٣٦ ساڵ و ئەمیر فیرووزی تەمەن ٣٢ ساڵ، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە و زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە، ئەو دوو کەسە بە تۆمەتی چالاکیی مەزهەبی دەستبەسەر کراون و ناوەندە ئەمنییەکان تا ئێستا وەڵامێکی ڕوونیان لەسەر شوێنی ڕاگرتنیان نەداوە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان لەو بارەدا بەبێ ئاکام ماوەتەوە.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستبەسەر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە