تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە ڕوانسەر و نەوسوود هاتە ئاراوە

هەنگاو: تێکهەڵچوونێکی چەکداری قورس لە نێوان هێزێکی کوردستانی و هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی بەخشی شاهۆی ڕوانسەر و شاری نەوسوودی پاوە .

١٦ گەلاوێژ ٢٧١٩، ١١:٤٠

 

هەنگاو: تێکهەڵچوونێکی چەکداری قورس لە نێوان هێزێکی کوردستانی و هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی بەخشی شاهۆی ڕوانسەر و شاری نەوسوودی پاوە هاتە ئاراوە و سپا  لەو شەڕەدا کەڵکی لە کۆپتەر وەرگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە (١٦ی گەلاوێژی ٢١٩ / ٧ی ئاگۆستی ٢٠١٩)، تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە بەرزاییەکانی شاهۆ و لە نزیک بەخشی شاهۆ سەر بە شاری ڕوانسەر هاتووەتە ئاراوە.

هەواڵنێری هەنگاو لە ڕوانسەر ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونەدا ئەندامێکی سپای پاسداران کوژراوە و ئەندامێکی دیکەی سپاس بە سەختی پێکراوە کە لەرێگای کۆپتەرەوە بۆ کرماشان گوازراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری پاوەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە تەرمی ئەو پاسدارەی کە کوژراوە لە نەخۆشخانەی شاری پاوە ڕاگیراوە. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو پاسدارە خەڵکی بەخشی شاهۆی ڕوانسەر بووە.

هێزەکانی سپای پاسداران لە ڕۆژی ڕابردووە بەرزاییەکانی بەخشی شاهۆیان گەمارۆ دابوو.

لەلایەکی دیکەوە و هاوکات، شەڕێکی قورس لە نێوان شارەکانی نەوسوود و پاوە و لە نزیک پایگای ملەندوو هاتووەتە ئاراوە. هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر زیانی گیانی ئەو شەڕە لە بەر دەستدا نییە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیادووە کە سپای پاسداران لەو شەڕەدا کەڵکی لە ٥ کۆپتەر وەرگرتووە کە چەندین جار بەرزاییەکانی شاهۆ و نەوسوودیان بوردمان کردووە. دوو کۆپتەر لە هەمەدان و سێ کۆپتەر لە کرماشانەوە هێنراونەتە ئەو ناوچانە.

ئەو شەڕانە هێشتاش درێژەی هەیە و هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ حیزبێکی کوردستانی بەرپرسیارێتی ئەو دوو شەڕەی بە ئەستۆ نەگرتووە.

 

ئەم هەواڵە بە ڕۆژ دەکرێتەوە...


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە