تەرمی کۆڵبەرە ١٤ ساڵەکە دۆزرایەوە + ئامار

هەنگاو: دوای چوار ڕۆژ گەڕان لە بەرزاییەکانی تەتە، دواجار تەرمی کۆڵبەرە تەمەن ١٤ سالەکە کە لە سەرما ڕەق هەڵاتبوو، دۆزرایەوە.

٢٩ سەرماوەز ٢٧١٩، ١٦:٤٧

 

هەنگاو: دوای چوار ڕۆژ گەڕان لە بەرزاییەکانی تەتە، دواجار تەرمی کۆڵبەرە تەمەن ١٤ سالەکە کە لە سەرما ڕەق هەڵاتبوو، دۆزرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٩ی سەرماوزی ٢٧١٩ (٢٠ی دێسامبری ٢٠١٩)، دوای چوار ڕۆژ گەڕانی بەردەوام دواجار ”فەرهاد خوسرەوی“ تەمەن ١٤ ساڵ لەلایەن خەڵکەوە دۆزرایەوە.

لەماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا هەزاران کەس لە خەڵکی ناوچەکە بۆ دۆزینەوەی تەرمی فەرهاد هەوڵیان داوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی سەرماوەز (١٧ی دێسامبر)، فەهاد و چەند کۆڵبەری دیکە بە هۆی بارینی بەفر کە بەرزاییەکانی ملەی تەتە ڕێیان لێ ون دەبێت. هەمان ڕۆژ تەرمی برا تەمەن ١٧ ساڵەکەی فەرهاد بە ناوی ”ئازاد خوسرەوی“ دۆزرایەوە و کۆڵبەریکی تەمەن ٣٥ ساڵیش لەلایەن خەڵکەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە و ئێستا لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ هەتا ئەمڕۆ، ٧ کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و کۆڵبەرێکیش بریندار بووە. ٦ کۆڵبەر لەو ٨ کۆڵبەرە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژراون و بریندار بوون.

هەروەها، لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا ١٤ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی سەرما ڕەقبوونەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە