گیانلەدەستدانی منداڵێکی کۆڵبەر بەهۆی سەرمابردووییەوە و برینداربوونی سێ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان
منداڵێکی کۆڵبەری تەمەن ١٥ ساڵ، بەناوی هەستیار عەبدولکەریم لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری سەقز بەهۆی سەرمابردنەوە گیانی
هەنگاو؛ دووشەممە ٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤
منداڵێکی کۆڵبەری تەمەن ١٥ ساڵ، بەناوی هەستیار عەبدولکەریمی لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری سەقز بەهۆی سەرمابردنەوە گیانی لەدەستدا. منداڵێکی کۆڵبەری دیکەی تەمەن ١٦ ساڵیش بەناوی میلاد حوسێنی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بریندارکرا و هاوکات دوو کۆڵبەر بەناوی ئاروین حەقانی و جەمیل عەبدی بە تەقەی ئەو هێزانە بریندارکران.
یبەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی یەکشەممە ٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٢٤ی مارسی ٢٠٢٤)، منداڵێکی کۆڵبەر بەناوی هەستیار عەبدولکەریم تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی دیواندەرە، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری "مێشاو"ی سەقز بەهۆی سەرمابردنەوە گیانی لەدەستدا.
تەرمی ئەو منداڵە کۆڵبەرە ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بیندراوەتەوە و بۆ نەخۆشخانەی سەقز گواستراوەتەوە.
هاوکات منداڵێکی کۆڵبەری دیکەی خەڵکی دیواندەرە بەناوی میلاد حوسێنی تەمەن ١٦ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەسەختی بریندارکرا و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی مەریوان گواسترایەوە.
هەر ئەو ڕۆژە لە سنووری هەنگەژاڵی بانە کۆڵبەرێک بەناوی ئاروین حەقانی خەڵکی سەقز و لە سنووری نەوسوود کۆڵبەرێک بەناوی جەمیل عەبدی خەڵکی جوانڕۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندارکران.