کوژرانی کۆڵبەرێک لە سنووری سەوڵاوا

٢٩ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٩:٤٨

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی سەیوان دەست ئەفکەن لەکاتی کۆڵبەری لە سنووری “تەتە”ی سەوڵاوا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلیوەی ٢٧٢٤ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەرزاییەکانی تەتە تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و بەو هۆیەوە کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی سەیوان دەست ئەفکەن تەمەن ٣٥ ساڵ گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزە چەکدارەکانی ئێران بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێش وەختە و لەمەودایەکی نزیکەوە دەستڕێژیان لە کۆڵبەران کردووە.

سەیوان دەست ئەفکەن خێزاندار و باوکی منداڵێک و خەڵکی گوندی “دەڕە پەیمان” سەر بە شاری مەریوان بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە