دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەقز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەقز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و چارەنووسیان نادیارە.

٣ ڕەشەمە ٢٧١٨، ١٦:٢٩

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەقز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی حەفتەی ڕابردوو (٢٦ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ / ١٥ی فێوریەی ٢٠١٩)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دوو هاووڵاتییان بە ناوەکانی ”یاسین کەنعانی“ و ”ئاسۆ ڕەمەزانزادە“ دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی گەڕانەوە لە شاری تاران و لە بازگەی چوونە ژوورەوەی شاری سەقز دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

سەرەڕای تێپەڕێنی یەک حەفتە لە دەستبەسەر کرانی ئەوو هاووڵاتییە کوردە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، چارەنووسیان نادیارە و نازانرێت کە لە کوێ ڕاگیراون.

ئەو دوو هاووڵاتییە دوو ساڵ پێشیش بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر و پاش ٤٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

دواجار دادگای شۆڕشی سەقز حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەر ئاسۆ و ٣ ساڵ بەندکرانی بە سەر یاسین دا سەپاند و ئاسۆ ماوەی یەک ساڵەکەی تێپەڕاندووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە