دوو هاووڵاتیی خەڵکی کامیاران حوکمی ١٥٠ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا

هەنگاو: دو هاووڵاتییەکی خەڵکی کامیاران لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاودەستی لە کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران حوکمی

٣٠ ڕەزبەر ٢٧١٩، ١١:٣٣

 

هەنگاو: دو هاووڵاتییەکی خەڵکی کامیاران لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاودەستی لە کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران حوکمی ١٥٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دادگای تاوانەکانی شاری سنە، دوو هاووڵاتیی خەڵکی کامیارانی بە ناوەکانی ”حەیدەر قوربانی“ و ”مەحموود سادقی” بە ١٢٠ و ٣٠ ساڵ بەندکران مەحکووم کردووە.

ئەو حوکمە بە شێوەی فەرمی لە بەندیخانەی سنە بەو دوو کەسە ڕاگەیەندراوە. حوکمەکە بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاودەستی لە کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران بە سەر ئەو دوو بەندکراوەدا سەپێندراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک بنەماڵەی قوربانی وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، بڕیارە حەیدەر و مەحموود بەم زوانە لە لایەن دادگای شۆڕشی سنەش کەیسەکەیان باسی لە سەر بکرێت.

حەیدەر قوربانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ٢٧١٦ (٣ ساڵ پێش) لە گەڵ ژن براکەی بە ناوی ”مەحموود سادقی“ کە هەردوویان خەڵکی گوندی ”بزوەش“ سەر بە کامیارانن دەستبەسەر کراوە.

حکوومەتی ئێران دوو ساڵ پێش لە یەکێک لە کاناڵەکانی خۆی بە ناوی (پرێس تی وی) کە کاناڵێکی ئینگلیزی زمانە، فیلمێکی لە دانپێدانانی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی کورد بلاو کردەوە.

بە وتەی نزیکانی ناوبراو، حەیدەر قوربانی لە ژێر ئەشکەنجەی نامرۆڤانە، ناچار بەو دانپێدانانە بووە و ناچار کراوە کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران وە ئەستۆی خۆی بگرێت.

لەو فیلمە ٢٠ خولەکیەدا، تۆمەتبار لە پێش بنەماڵەی ئەو کوژراوانە کە سەر بە حکوومەتی ئێرانن، دانێشتووە و دان بە کوشتنیان دەنێت.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە