دوو کۆڵبەر لە هەورامان و سەردەشت بوونە قوربانی

هەنگاو: کۆڵبەرێکی خەڵکی سنە بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییی بریندار بوو و کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشتیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران پێکرا.

٥ ڕێبەندان ٢٧١٨، ٠٠:٢٧

 

هەنگاو: کۆڵبەرێکی خەڵکی سنە بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییی بریندار بوو و کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشتیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران پێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە (٤ی ڕێبەندانی ٢٧١٨/ ٢٤ی ژانویەی ٢٠١٩) کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی ”دانیکش“ سەر بە بەخشی کەڵاتەرزانی سنە لەکاتی کۆڵبەری لە بەرزاییەکانی ملەی تەتە لە هەڵدێرێکەوە بەر بووە و بە سەختی بریندار بوو.

ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە تەمەن ٢٧ ساڵە ”ڕەحیم مەردانی“ ڕاگەیەندراوە کە بە مەبەستی چارەسەریی پزشیکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری مەریوان کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی سەردەشت بە ناوی ”سۆران محەمەدی“ کوڕی ڕەسووڵ، لە بەرزاییەکانی قەلەڕەشی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێکراوە و لاقی بریندار بووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ساڵی ٢١٨ی زایینیدا لانیکەم ٢٣١ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە