دەیان کۆڵبەر لە سنووری سەقز لە نێو بەفردا ماونەتەوە

هەنگاو: دەیان کۆڵبەر بە هۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە بەرزاییەکانی ناوچەی سەرشیوی سەقز ون بوون.

١٢ ڕێبەندان ٢٧١٩، ١٤:١٣

 

هەنگاو: دەیان کۆڵبەر بە هۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە بەرزاییەکانی ناوچەی سەرشیوی سەقز ون بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نزیک ٥٠ کۆڵبەرکە شەوی ڕابردوو روویان لە بەرزاییەکانی سنوری شاری سەقز کردبوو، لە شوێنێک بە ناوی “چەمی میشاو” ون بوون و چارەنووسیان نادیارە.

ژن برای یەکێک لە کۆڵبەرە ون بووەکان کە خۆی بۆ یارمەتی و دۆزینەوەیان گەیشتووەتە ناوچەکە، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هەنگاو ڕایگەیاند: “ئەم پەنجا کۆڵبەرە خەڵکی دوو گوندی ”دەرەزیارەت و سێفەتاڵ” بوون و سەڕەڕای ئەوەیکە خەڵکی ناوچەکە بە چری بە دوویاندا دەگەڕن، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نیە”.

ئەو کەسە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە: “تا ئیستا هیچ ناوەندێکی حکوومەتی سەڕەڕای پەیوەندی گرتن پێیانەوە بەدەم داواکاریمانەوە نەهاتوون و خەڵک بە دەستی بەتاڵ بۆ دۆزینەوەی ئەو کۆڵبەرانە ڕەوانەی ناوچەکە بوون.

 

ئەم هەواڵە نوێ دەکرێتەوە

کاتژمێر ٣  بە کاتی تاران

هەموو کۆڵبەرەکان دۆزراوەنەتەوە و باری تەندروستییان جێگیرە، برای یەکێک لە کۆڵبەرەکان لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا ئەو هەواڵەی بۆ هەنگاو پشتڕاست کردەوە.

کاتژمێر ٦ بە کاتی تاران

یەکێک لەو کۆڵبەرانەی کە ڕزگاری بووە لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، دوو کۆڵبەر بەناوەکانی "ئەمیر" خەڵکی گوندی "دەرە زیارەت" و "ئەمیر" خەڵکی گوندی "تورجان" بەجێ ماون و چارەنووسیان نادیارە.

یەکێک لەو دوو کۆڵبەرە  توانای ڕێکردنی نەبووە و ئەو کۆڵبەرەکەش لەلای ماوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە