راگەیەندراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەبارەت بە ئیدانەکردنی سڕینەوەی نووسراوە کوردییەکان لە زانکۆی کوردستان

١ خەرمانان ٢٧٢١، ٠٢:٢٣

 

بە پێی ئەو وێنانەی کە بڵاو بۆتەوە و هەروەها بەدواداچوونەکانی هەنگاو، لە رۆژانی رابردوو و لە کردەوەی هاوکات و هاوئاهەنگدا هەموو تابلۆ و نووسراوە کوردییەکان تەنانەت نووسراوەی کوردیی تابلۆی بەشی لێکۆڵینەوەی کوردستان ناسیی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە سڕاوەتەوە.

ئەوەی کە روونە ئەوەیە کە هەموو بەشەکانی زانکۆی کوردستان بە هۆی کامێرای چاودێریی پاراستنی ئەو زانکۆیە هەموو هاتوچۆکان بۆ زانکۆکە کۆنتڕۆڵ دەکرێ و ئەگەری سڕینەوەی ئەو نووسراوە کوردییانە بێ ئاگاداریی پاراستنی زانکۆ کە نوێنەری ئیدارەی ئیتلاعات لە ناوەندەکانی دەوڵەت و پەروەردەن، زۆر لاوازە. بە سەرنجدان بە بەڵگەکانی پێشێلکرانی سیستماتیکی مافە سیاسی، مەدەنی و کولتورییەکان لە کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، هەنگاو ئەو کردەوەیە بە شێوازێکی دیکەی رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتداران لە گەڵ مافە نەتەوەییەکانی کورد دەزانێ کە تەنانەت دژایەتیی روونە لە گەڵ لانیکەمی مافە یاساییەکانی نێو یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای ئیدانەکردنی توندی ئەو کردەوەیە، بە سەرنجدان بە پەرەگرتنی دەستبەسەرکرانی چالاکی سیاسی و مەدەنیی کورد لە کوردستان و هاوکات بە تێرۆر و هەرەشەی چالاکانی کورد لە دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە پلانی نوێی ئەمنییەتیی بنکە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی ئێران و خوازیاری سەرنجی هەرچی زیاتری ریکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ بۆ سەر دۆخی نالەباری پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤە کە هاوکاتە لە گەڵ دەستبەکاربوونی دەوڵەتی ئیبراهیمی رەئیسی.

 

َِڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

١ی خەرمانانی ٢٧٢١

٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢١


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە