زەینەب جەلالیان ١٨ مانگە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە

زەینەب جەلالیان بەپیشنەترین بەندکراوی سیاسی ژن لە کوردستان و ئێراندا کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەردا سەپاوە، لە کاتێکدا پێی ناوەتە ناو پازدەی

٦ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ٢٢:٣٧

 

هەنگاو: سێشەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٢

زەینەب جەلالیان بەپیشنەترین بەندکراوی سیاسی ژن لە کوردستان و ئێراندا کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بە سەردا سەپاوە، لە کاتێکدا پێی ناوەتە ناو پازدەیەمین ساڵی بەندکرانی کە دوای گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی یەزد هێشتا لە هەبوونی مافی مرەخەسی و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی جەلالیان لەو بارەوە بە هەنگاوی: «زەینەب جەلالیان لە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٠٢٠ بە شێوەیەکی نایاسایی لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد گوازراوەتەوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا کە ١٨ مانگ تێپەڕینی هیچ یەک لە ئەندامانی بنەماڵەی جەلالیان نەیانتوانیوە کە زەینەب ببینن و چەندین جار دارای بنەماڵەکەی بۆ بینینی ناوبراو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە ڕەدکراوەتەوە و هەر ئەمەش دڵ نیگەرانی لای ئەوان دروست کردووە.»

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە ناوەندە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی جەلالیانیان ڕاگەیاندووە کە تەنیا کاتێک دەتوانن زەینەب ببینن کە ناوبراو بە نووسراوە حاشا لە ڕابردووی خۆی بکات و پەژیوان بێتەوە و دان بە و شتانەیدا بنێت کە ئێمە دەمانەوێت».

هەنگاو زانیویەتی کە دوای ئەوەی زستانی ڕابردوو گویزەل حاجی زادە، دایکی زەینەب جەلالیان ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و داوای لە ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان کە کە لە دۆسیەی ناوبراودا هاوکارییان بکەن، وێڕای بانگ کرانی خۆی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ماکۆ، دوو کەس لە نزیکانی بنەماڵەی جەلالیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژ دەستبەسەر و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

زەینەب جەلالیان ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە کرماشان دەستبەسەر و مانگی سەرماوەزی ١٣٨٧ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر مورادی بە تۆمەتی بەزاندنی نایاسایی سنوورەکانی ئێران سزای ساڵێک بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی دژایەتیی خودا» موحارێبە» لەڕێگەی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان» پژاک» سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

سزای سێدارەی زەینەب جەلالیان ساڵی ٨٨ی هەتاوی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کرا یەوە و پاشان لە ساڵی ١٣٩٠ بەر لێبوردن کەوت و بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.

جێگای ئاماژەیە کە زەینەب جەلالیان بە هۆی ئەو ماوە دوور و درێژەی کە لە دۆخێکی نالەبار و تاقەتپڕووکێندا بەندکراوە تووشی چەندین نەخۆشی وەکوو لاوازبوونی چاو و تەنگی نەفەس بووە و دوای ئەوەی لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین تووشی پەتای کۆرۆنا بوو کۆئەندامی هەناسەی تووشی گرفتی جددی بووە.

ناوبراو لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی کرماشان، ئەوینی تاران، قەرچەکی وەرامین، کرمان و خۆی ڕاگیراوە و پاییزی ساڵی ڕابردوو بۆ بەندیخانەی یەزد گوازراوەتەوە و لەو کاتەوە هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەماوە.

زەینەب جەلالیان لەدایکبووی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی (١٩٨٢ی زایینی) لە گوندی دەیم قشڵاقی ماکۆیە و لەو کاتەوە دەستبەسەر کراوە بەبێ مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەکانی حکومەتی ئێراندایە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو داوا دەکات ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ سەرنجی زیاتر بەنە سەر دۆسیە و دۆخی زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسی کورد.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە