سانتیاگۆ سانچێز، گەشتیاری ئیسپانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە

گەشتیارێکی خەڵکی ئیسپانیا بە ناوی سانتیاگۆ سانچێز، تەمەن ٤١ ساڵ دوای ئامادەبوونی لە سەر گۆڕی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە.

٤ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ٠٨:٥٨


هەنگاو: چوارشەممە ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

گەشتیارێکی خەڵکی ئیسپانیا بە ناوی سانتیاگۆ سانچێز، تەمەن ٤١ ساڵ دوای ئامادەبوونی لە سەر گۆڕی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سانتیاگۆ سانچێز، لە سێ هەفتەی ڕابردووەوە لەگەڵ وەرگێڕەکەی کە خەڵکی شاری بەندەری عەباسە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە دەستبەسەرکراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار، کە ناوی لەلای هەنگاو پارێزراوە، ڕایگەیاند، سانتیاگۆ سانچێز لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەرە.

سانتیاگۆ سانچێز، کە ئەندامی پێشووی هێزی ئاسمانی ئیسپانیشە، ویستوویەتی کە لە وڵاتەکەی خۆیەوە هەتا شوێنی بەڕێوەچوونی مۆندیالی جیهانی لە قەتەر بە پێ ببڕێت، بەڵام دوای چوونە ناو خاکی ئێران و ڕۆیشتنی بۆ سەر گۆڕی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە.

چەند حەوتوو پێش، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندبوو، کە ٩ کەسی دەرەکی، کە زۆربەیان خەڵکی ئەورووپان بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندەران دەستگیرکردووە.

شیاوی ئاماژە پێدانە، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دەبوو هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە ئیسپانیایە دەستبەجێ بە کۆنسولگەری وڵاتی ئیسپانیا لە ئێران ڕابگەیندرایە. بەڵام هەتا ئێستا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبارەی دەستبەسەرکرانی ئەو کەسەوە هیچ هەواڵێکی فەرمییان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان نەداوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە