سنە/ مێرمنداڵێک بە هۆی هەژاری خۆی کوشت

هەنگاو: مێرمنداڵێکی خەڵکی گوندێکی نزیکی شاری سنە بە هۆی هەژاری کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

١٨ بەفرانبار ٢٧١٩، ٢٣:٠٦

 

هەنگاو: مێرمنداڵێکی خەڵکی گوندێکی نزیکی شاری سنە بە هۆی هەژاری کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی چوارشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧١٩ (٨ی ژانویە ٢٠٢٠)، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵی خەڵکی گوندی “توار مەلا” سەر بە شاری سنە خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری هەنگاو ڕایگەیاند رێبوار مەلایی بە هۆی هەژاری و نەداری کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

مانگی ڕابردوو هاووڵاتیەکی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە بە ناوەی “بەختیار مەلایی” بە هۆی هەژاری خۆی کوشتبوو.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩ی زایینیدا،  لانیکەم ٦٠ مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە شارەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە ٢٥ کەسیان کوڕ بوون.

شایانی باسە مافی هەبوونی لانیکەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەردی بناغەی دابین کردنی مافەکانی مرۆڤە، مافی بەردەست بوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی کەرامەتی مرۆڤ دەستەبەر دەکات. بەندی ١ی مادەی ٢٥ جارنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و مادەی ١١ جاڕنامەی مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دابین کردنی ئەو مافە سەرەکییانە دەخاتە ئەستۆی حکوومەتەکان.

بە پشت بەستن بە یاسا دەوڵەتی ئێران لە بەرانبەر دابین کردنی مافی ڕێژەیی هاووڵاتیانی خۆی بەرپرسە، بەڵام ئەو بەرپرسیارەتیە لە کوردستان تا ئێستا بۆ دەوڵەتی ئێران گرینگیەکی ئەوتۆی نەبووە و دەسەڵات ئەو مافەی هاووڵاتیانی پێشێل کردووە.

ئەگەر هاووڵاتیان مافەکانیان دابین بێت، سلامەتی رۆحی و جەستەییان دابین دەکرێت.

بە پێی ئامارەکانی حکومەت تا ئێستا ناوچە گوندنشینەکانی کوردستان کەمترین ئیمکاناتی ئاسایشی و کۆمەڵایەتیان بۆ دابین کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە