شنۆ؛ دەستبەسەرکرانی ٧ هاووڵاتی بریتی لە یەک منداڵ و دوو ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکان بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان

١٦ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٢٣:٥٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

حەوت هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی هیوا شەریفی تەمەن ١٧ ساڵ، شوانە بابەکری، شەفیع بابەکری، شاهین ئیبراهیمی، ساڵح سەخاوەت، سۆران بەنگینی و شەهرام ئیبراهیمی کە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٤ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، حەوت هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بریتی لە منداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بەناوی هیوا شەریفی، دوو ئەندام لە بنەماڵە دادخوازەکان بە ناوەکانی شوانە بابەکری تەمەن ٣٩ ساڵ و شەفیع بابەکری تەمەن ٣٧ ساڵ، شاهین ئیبراهیمی تەمەن ٢٨ ساڵ، ساڵح سەخاوەت تەمەن ٣٧ ساڵ، سۆران بەنگینی تەمەن ٢٠ ساڵ و شەهرام ئیبراهیمی تەمەن ٢١ ساڵ دوای بانگکران بۆ جێبەجێکرانی سزاکانی ئەو شارە دەستبەسەر کران و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزاکەیان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ گواستراونەتەوە.

ئەو حەوت هاووڵاتییە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای شۆڕشی شنۆ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" لێپرسینەوەیان لێکرابوو. بەپێی ئەو سزای بەسەریاندا سەپێندراوە هیوا شەریفی منداڵی تەمەن ١٧ ساڵ سزای ٣ مانگ بەندکران، شوانە بابەکری شەفیع بابەکری دوو برا و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان هەر یەک سزای ٦ مانگ بەندکران و ساڵح سەخاوەت، شاهین ئیبراهیمی، شەهرام ئیبراهیمی و سۆران بەنگینی هەر یەک سزای سێ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

هیوا شەریفی، شوانە بابەکری، شەفیع بابەکری، شاهین ئیبراهیمی و ساڵح سەخاوەت مانگی پووشپەڕی ساڵی ٢٧٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە شاری شنۆ دەستبەسەر کرابوون و دوای مانگێک بەدانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون. هەروەها سۆران بەنگینی و شەهرام ئیبراهیمی سەرەتاکانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

شایەنی باسە کە، شەفیع بابەکری و شوانە بابەکری کوڕی ڕەشید بابەکری ناسراو بە "ڕەشید مەنگوڕ" لە بەندکراوانی سیاسی کوردن کە ساڵی ٢٦٩٣ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە درابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە