گیانلەدەستدانی دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود

سۆران عەبدی کۆڵبەری تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا و کۆڵبەرێکی خەڵکی جوانڕۆ

٥ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٢٣:٥٤

هەنگاو؛ یەکشەممە ٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

سۆران عەبدی کۆڵبەری تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا و کۆڵبەرێکی خەڵکی جوانڕۆ بەناوی محەممەدبایەر محەممەدی لە کاتی کۆڵبەری بەهۆی جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٢٤ی مارسی ٢٠٢٤)، کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی بانە بەناوی سۆران عەبدی لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەسەختی بریندارکرا و لە کاتی گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە خێزاندار بوو و هاوژینەکەی دووگیانە.

هاوکات کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی "زێڕان" سەر بە شاری جوانڕۆ بەناوی محەممەدبایەر محەممەدی تەمەن ٤٨ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بەهۆی ڕاوەستانی دڵ گیانی لەدەستدا.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە، میلاد محەممەدی تەمەن ١٥ ساڵ و کوڕی محەممەدبایەر ڕۆژی هەینی لەکاتی کۆڵبەری لە هەمان سنوور بە هۆی بەربوونەوە لەبەرزایی بە سەختی بریندار بووە و ئێستا لەژێر چاودێریی پزشکیدایە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە