مەریوان؛ سەپاندنی سزای نامرۆڤانەی ٧٤ زەربەی قامچی و دوو ساڵ بەندکران بەسەر منداڵێکی کۆڵبەر

١١ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٢٢:٢٨

هەنگاو؛ شەممە ١١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

دانیال مام ئەحمەد، منداڵی کۆڵبەری تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی مەریوان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای ٢ ساڵ بەندکران و سزای نامرۆڤانەی ٧٤ زەربەی قامچی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٢٦ی مارسی ٢٠٢٤)، دانیال مام ئەحمەد، منداڵی کۆڵبەری تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی مەریوان، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە سزای ٢ ساڵ بەندکران، ٧٤ زەربەی قامچی و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو کۆلبەرە منداڵە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

شایەنی باسە کە دانیال مام ئەحمەد ڕۆژی شەممە ٤ی خاکەلێوە (٢٣ی مارس)، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری قوڵقوڵەی مەریوان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان دەستبەسەرە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە