سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد هەوڵی خۆکوشتنی دا

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) دوو ڕۆژ دوای بانگ کرانی لەلایەن

٢٧ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١١:١٠


هەنگاو: پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) دوو ڕۆژ دوای بانگ کرانی لەلایەن بەرپرسە ئەمنییەکانی بەندیخانەی ئورمیەوە لە بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە خۆی هەڵواسیوە و منداڵە دوو مانگانەکەشی دەرمان خوارد کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوە بەندیخانەی ئورمیەوە بە هەنگاوی وت: "بەندکراوانی بەندی ژنان توانیویانە لەچکەکە لە ملی سوعدا دەربهێنن بەڵام باری تەندروستی خۆی و منداڵەکەی ناجێگیرە و هەر دوویان ڕەوانەی بێهداری بەندیخانە کراون و تەندروستییان لە مەترسیدایە. "

سوعدا خەدیرزادە دوای ئەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە کە کە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئورمیە و هەروەها پاراستنی زانیاریی بەندیخانەی ئورمیە بانگ کراو ەو بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێکراوە کە دەبێت کەناڵی پەیوەندی بەندی ژنان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەوان بناسێنێت.

سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندی ژنان ڕاگیراوە لە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیان بوون و دوای منداڵبوونیش بێبەش کراوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە کە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ دوای ٨ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی ئورمیە، تەنیا چەند کاتژمێر پێش لە نەشتەرگەریی سزاریەن ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو، ئێوارەی هەمان ڕۆژ و بەبێ ئەوەی تەندروستی بە دەست بهێنێتەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گەڕێندراوەتەوە و لە دۆخێکی نالەباردا ڕاگیراوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سوعدا خەدیرزادە تووشی هەوکردن بووە و ڕۆژی هەینی هەینی ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٩ی جولای ٢٠٢٢) لە شوێنی تەقەڵی سزاریەنەکەی تووشی خوێنبەربوون بووە و ئاڵا کچی سوعدا خەدیرزادەش بە هۆی گەرمای زۆر و تاقەت پڕوکێنی بەندی ژنان و نەبوونی سیستەمی فێنک کەرەوە تووشی هەستیاریی و سک چوون بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە