سوعدا خەدیرزادە لەلایەن بەرپرسانی ئەمنی بەندیخانەی ئورمیەوە هەڕەشەی لێکرا

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار کە لەگەڵ منداڵە دوو مانگەکەی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، ڕۆژی سێشەممە

٢٧ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ٠٩:٣٤


هەنگاو: پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار کە لەگەڵ منداڵە دوو مانگەکەی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و پاراستنی زانیاری بەندیخانە بانگ کراوە و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزە ئەمنییەکان وێڕای لێپرسینەوە لە سوعدا خەدیرزادە گوشاریان خستووەتە سەری و هەڕەشەیان لێکردووە کە دەبێت کەناڵی پەیوەندیی بەندی ژنان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەوان بناسێنێت.

سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندی ژنان ڕاگیراوە لە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیان بوون و دوای منداڵبوونیش بێبەش کراوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە کە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ دوای ٨ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی ئورمیە، تەنیا چەند کاتژمێر پێش لە نەشتەرگەریی سزاریەن ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو، ئێوارەی هەمان ڕۆژ و بەبێ ئەوەی تەندروستی بە دەست بهێنێتەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گەڕێندراوەتەوە و لە دۆخێکی نالەباردا ڕاگیراوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سوعدا خەدیرزادە تووشی هەوکردن بووە و ڕۆژی هەینی هەینی ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٩ی جولای ٢٠٢٢) لە شوێنی تەقەڵی سزاریەنەکەی تووشی خوێنبەربوون بووە و ئاڵا کچی سوعدا خەدیرزادەش بە هۆی گەرمای زۆر و تاقەت پڕوکێنی بەندی ژنان و نەبوونی سیستەمی  فێنک کەرەوە تووشی هەستیاریی و سک چوون بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە