سوهەیلا حیجاب مافی مەرەخەسی پێدرا

هەنگاو: یەکێک لە ژنانی بەندکراوی کورد کە لە بەندیخانەی قەرچکی وەرامین ڕاگیراوە، مافی مەرەخەسی پێدرا.

٢٦ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٠:٢٩

 

هەنگاو: یەکێک لە ژنانی بەندکراوی کورد کە لە بەندیخانەی قەرچکی وەرامین ڕاگیراوە، مافی مەرەخەسی پێدرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، سوهەیلا حیجاب پارێزەری خەڵکی کرماشان کە بۆ تێپەراندنی ماوەی ٥ ساڵی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە دوای ١٤ مانگ بەندکران بۆماوەیەکی کورت نێردرایە مەرەخەسی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم پارێزە کوردە پێشتر لە بەندیخانە تووشی پەتای کۆرۆنا ببوو و دوای ١٤ مانگ بەندکران بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ  مافی مەرەخەسی پێدراوە.

سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٢٣ی مەی ٢٠٢٠)، دوای ئەوەی بانگ کرا بۆ لقی ٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران و دوابەدوای دانیشتنی دادگا کە پشتڕاست کردنەوەی حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی دادگای بەرایی لێکەوتەوە، لەکاتی بەجێ هێشتنی بینای دادگا لەلایەن هێزەکانی بنکەی ساروڵڵای سپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازراوەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (١٨ی مارسی ٢٠٢٠)، سوهەیلا حیجاب، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر مەقیسە حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

ئەو چالاکە مەدەنیە بە چەندین تۆمەت وەکوو ”پڕووپاگەندە دژی نیزام“، ”گردبوونەوەی نایاسایی“، ”تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە“، ”دروستکردنی گرووپ بۆ داکۆکی لە مافی ژنان“ و ”داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئیران“ سەرجەم حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندراوە.

بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، زیاترین حوکمی سوهەیلا حیجاب کە پێنج ساڵ بەندکرانە و ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت کە بە تۆمەتی گردبوونەوەی نایاسایی بە سەر ناوبراودا سەپێندراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە