سەقز/ کچێکی گەنج لەلایەن دەزگیرانەکەیەوە بە چەقۆ هێرشی کراوەتە سەر

هەنگاو: کچێکی گەنجی شاری سەقز لەلایەن دەزگیرانەکەیەوە بە چەقۆ هێرشی کراوەتە سەر و باری تەندروستی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

١٨ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ٠٩:١٣


هەنگاو: کچێکی گەنجی شاری سەقز لەلایەن دەزگیرانەکەیەوە بە چەقۆ هێرشی کراوەتە سەر و باری تەندروستی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی گوندی “خوردەلووکی” سەقز بە ناوی پەریسا ڕەحمانی لەلایەن دەزگیرانەکەیەوە بە ناوی عەبدوڵڵا (ئەمیر) سادقی بە چەقۆ هێرشی کراوەتە سەر و بە سەختی بریندار بووە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمیر لەو خانووەی کە بڕیار بووە ژیانی هاو ەشیان پێک بێنن زیاتر لە ٢٠ چەقۆی لە جەستەی پەریسا ڕەحمانی داوە و بە سەختی برینداری کردووە. بە پێی بەدواداچوونەکانی هەنگاو ئەو دوو کەسە لە ڕۆژی ڕووداوەکە لە نیو بازاڕی سەقز شت و مەکیان بۆ ماڵەکەیان کڕیوە و لەپیش چاوی خەڵک دەمەقاڵەیەکیان هەبووە.


لەلایەکی دیکەوە، یەکێک لە پێرسێنلی پزیشکی نەخۆشخانەی خومەینی سەقز وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، پەریسا ڕەحمانی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشەپڕ نەشتەرگەری بۆ کراوە، بەڵام بە هۆی قووڵی برینەکانیەوە ئەگەری زیندوو مانەوەی لاوازە.


ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، لەو ڕووەوە کە بەشی (ئای سی یوو)ی نەخۆشخانە لەئێستادا تایبەت کراوە بە تووشبوانی پەتای کۆرۆنا، پەریسا ڕەحمانی ئێستا لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی دڵ (سی سی یوو) ڕاگیراوە.


ئەمیر سادقی دوای ئەنجامدانی ئەو تاوانە هەڵاتووە و بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بە هەنگاو گەیشتووە، هێزە ئینتزامییەکان هەرچەند کاتێکی زۆریان لە بەر دەست دا بووە، بەڵام خێرا نەچوونەتە شوێنی تاوانەکە و تاوانباریان دەستبەسەر نەکردووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە