شەڕ لە کوردستان، ئاماری شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی شەش مانگی یەکەمی ٢٧١٨ی کوردی

هەنگاو: لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لە ١٤ شاری کوردستان شەڕ و تێکهەڵچوون هاتووەتە ئاراوە و لانیکەم ٦٩ چەکداری ئێرانی ( پاسدار، هێزی ئینتزامی، بەسیج و..)

٣١ خەرمانان ٢٧١٨، ٢١:٥٧

 

هەنگاو: لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لە ١٤ شاری کوردستان شەڕ و تێکهەڵچوون هاتووەتە ئاراوە و لانیکەم ٦٩ چەکداری ئێرانی ( پاسدار، هێزی ئینتزامی، بەسیج و..) کوژراون و لەبەرانبەردا ٤٢ پێشمەرگە و گریلای کورد گیانیان لە دەست داوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٧١٨ی کوردی (٢١ی مارس هەتا ٢٢ی سیپتامبری ٢٠١٨)، زیاتر لە ٣٠ تێکهەڵچوونی چەکداری لە نێوان هێزە کوردستانییەکان و سپای پاسداران لە ١٤ شاری مەریوان، نەوسوود، پاوە، شنۆ، بۆکان، میاندواو، سەردەشت، ڕوانسەر، سەڵماس، پیرانشار، سەوڵاوا، سنە، سەقز ، کامیاران و بانە هاتووەتە ئاراوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە و لەئاکامی ئەو تێکهەڵچوونانەدا ٦٩ چەکداری ئێرانی کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەروەها لەو شەش مانگەدا لەسەر یەک ٤٢ پێشمەرگە و گریلای کورد گیانیان لە دەست داوە کە بریتییە لە ١٥ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، ١٤ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)، ١١ گریلای پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و ٢ پێشمەرگە حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران.

لەو ژمارەیە ١٣ پێشمەرگەی حدک و ٢ پێشمەرگەی حدکا لەکاتی موشەکبارانی بنکەکانی ئەو دوو حیزبە لە شاری کۆیە گیانیان لە دەست داوە. هەروەها دوو پێشمەرگەی حدکا لەکاتی تۆپبارانی چیای هەڵگورد و ئەندامێکی حدک و ئەندامێکی پژاکیش لە باشووری کوردستان تیرۆر کراون.

هەر لەو ماوەیەدا، ١٩ گریلای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان گیانیان لە دەست داوە.

ناسنامەی تەواوی ئەو پێشمەرگە و گریلایانەی کە گیانیان لە دەست داوە لەگەڵ ڕێکەوتی گیان لەدەست دان و شوێنی گیان لە دەست دانیان لە ناوەندی ئاماری هەنگاو تۆمار کراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە